Accessibility links

وڵاتانی بیانی دەست دەکەن بە کشانەوەیان لە سودان


هەندێک لە هاوڵاتیانی بیانی لە بەندەرێکی سەر دەریای سورەوە گواسترانەوە دەرەوەی سودان، تەنانەت لە کاتێکدا کە هێرشە ئاسمانییەکان دووبارە خەڕتومی پایتەختی سودانیان هەژاند، ئەمەش هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان فەرماندە ڕکابەرەکاندا کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.

بەهۆی شەڕ و پێکدادانە خوێناوییەکەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە پایتەختی سودان گیرییان خواردووە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن فڕۆکەخانەی پایتەخت چەند جارێک کراوەتە ئامانج و زۆرێک لە هاوڵاتیان نەیانتوانیوە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن یاخود بڕۆنە دەرەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پارێزراوترن.

نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی بیانی داوایان لە لایەنە ڕکابەرەکانی ناو سودان کردووە پابەندی ئەو ئاگربەستە بن کە ڕاگەیەندراوە و پشتگوێ خراوە، هەروەها داوایان لێکردوون ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ دەرچوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بکەنەوە کە زۆر پێویستن.

لە کاتێکدا کە فڕۆکەخانەکە داخراوە و ئاسمانی وڵاتەکەش پارێزراو نیە، هەزاران لە هاوڵاتیانی بیانی بە کارمەندانی باڵیۆزخانەکان و کارمەندنی مرۆیی و خوێندکارانیشەوە لە خەڕتوم و ناوچەکانی دیکەی سودانەوە نەیانتوانیوە لە وڵاتەکە دەربچن.

لە ماوەی ڕابردوودا سعودیە لە ڕێی بەندەری سودانەوە لەسەر دەریای سوور دانیشتوانی وڵاتانی کەنداوی گواستەوە. ئوردنیش بە نیازە هەمان ڕێگە بەکاربهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی.

پێشبینی دەکرێت وڵاتانی بیانی فڕۆکە بنێرن بۆ هاوڵاتیانیان لە جیبوتییەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سوپای سودان وتوویەتی کە فڕۆکەخانەکان لە خەڕتوم و شاری نیالای دارفور بە کێشەن و هێشتا ڕوون نیە کەی ئەوە ڕوودەدات.

دیبلۆماتکارێکی بیانی کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی کارمەندە دیبلۆماتییەکان لە خەڕتوم هیوادارن لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە ڕێی فڕۆکەوە لە بەندەری سودان بگوازرێنەوە. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار کردەوە لەوەی لەوانەیە نەتوانێت یارمەتی کاروانەکان بدات لە خەڕتومەوە بۆ بەندەری سودان و هەر کەسێکیش خۆی لە خەڕتومەوە بچێت بۆ بەندەری سودان مەترسییەکەی لەسەر خۆیەتی.

سەرکردەی سوپای سودان عەبدل فەتاح ئەلبورهان و محەمەد حەمەدان داقەلۆی ڕکابەریشی کە سەرکردایەتی هێزە نیمچە سەربازییەکان دەکات تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە لە پابەندبوون بەو ئاگربەستانەوە کە ڕۆژانە ڕادەگەیەندرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG