Accessibility links

چوار وڵاتی ئەوروپایی پشتگیری لە پلانی عەرەبی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکەن


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەڕیتانیا ڕۆژی شەممە 8ی مانگی سێ ڕایانگەیاند پشتگیری لە پلانەکەی وڵاتانی عەرەبی دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە کە 53 ملیار دۆلاری پێویستە و هەروەها ڕێگری دەکات لە ئاوارەبوونی ئەو فەلەستینیانەی کە لەم بەشە چڕ و پڕ دانیشتووانەدا دەژین.

وەزیرەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان " پلانەکە ڕێگەیەکی واقعی پیشان دەدات بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا بەڵێنی باشکردنی هەلومەرجی وێرانی ژیانی فەلەستینییەکان لە غەززە دەدات."

پلانەکە کە لەلایەن میسڕەوە داڕێژراوە و ڕۆژی سێشەممە لەلایەن سەرکردەکانی عەرەبەوە پشتگیری لێکرا، لەلایەن ئیسڕائیل و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە ڕەت کراوەتەوە، سەرۆک ترامپ دیدێکی تایبەتی خۆی خستووەتە ڕوو بۆ گۆڕینی کەرتی غەززە بۆ " ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

پێشنیارەکەی میسڕ داوای پێکهێنانی کۆمیتەیەکی کارگێڕی دەکات لە تەکنۆکراتە فەلەستینییە سەربەخۆکان و و پیشەگەرەکان کە ئەرکی بەڕێوەبردنی غەززەیان پێ سپێردراوە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حەماس.

کۆمیتەکە دەبێت بەرپرس بێت لە چاودێریکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی لە ژێر سەرپەرشتیاری دەسەڵاتی فەلەستینیدا.

چوار وڵاتە ئەوروپاییەکە لە بەیاننامەکەی ڕۆژی شەممەدا وتییان " پابەند دەبن بە کارکردن لەگەڵ دەستپێشخەرییەکەی عەرەبدا " و سوپاسگوزارن لەسەر ئەو " ئاماژە گرنگەی " کە وڵاتانی عەرەبی ناردوویانە بە دروستکردنی ئەو پلانە.

بەیاننامەکە دەڵێت حەماس " نابێت حکومڕانی غەززە بکات و نابێت چیتر مەترسی بێت بۆ سەر ئیسڕائیل،" هەروەها چوار وڵاتەکە " پشتگیری لە ڕۆڵێکی ناوەندی دەسەڵاتی فەلەستینی و جێبەجێکردنی ئەجێندای چاکسازییەکەی دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG