ڕۆژی هەینی رابردوو ٤ی مانگی ٦ی ٢٠٢١ زاینی (١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی) چوار ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لە دەستدا.
لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکا لە گەڵ ئەوین مستەفا زادە، بەرپرسی ناوەندی ئاماری رێکخراوی "کوردپا" دەڵیت، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیا، دەکرێت وەک دێرینترین ئەنجومەنی ژینگەپارێزی لە کوردستان دابنرێت کە زۆرترین ئەندامی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە و چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنەش بەربڵاون.
هەروەها ئاماژە دەکات بەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا و لە کاتی ئاگرکووژراندنەوەدا، شەریف باجوەر، چالاکی ژینگەپارێزی مەریوان گیانی لە دەستدا.
لە ٢٥ی مانگی ٨ی ٢٠١٨ی زاینی لە گەڵ شەریف باجوەر سێ کەسی تر لە چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی ئۆمێد کۆنەپۆشی، محەمەد پەژووهی و رەحمەت حەکیمی نیا لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەو شارە گیانیان لە دەست دا.
ئەوین مستەفا زادە زیاتر شی دەکاتەوە کە ئەو ئەنجومەنە هەم کۆمیتەی بۆ خانمان و هەم بۆ نەوجەوانان پێکهێناوە و بەرنامەی فێرکردنی هەیە. هەر بۆیە یەکێک لە ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا گیانی لە دەست دا نەوجەوان بوو.
بەڕێز مستەفا زادە دەڵێت، ئەنجومەنەکە ئامانجی ئەوەیە فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە کوردستاندا بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو پەرەپێبدەن؛ هەڵبەت ئەو رێکخراوە بە کارێکی گرنگی دەزانێت کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشدار بن بۆ ئەوەی ئەو شێوە فەرهەنگە گشتگیر بکرێتەوە.