Accessibility links

داواکاری گشتی: فەڕەنسا 8 گەنجی لەسەر دروشمی دژە جوو دەستگیر دەکات


داواکاری گشتی دەڵێت پۆلیسی فەڕەنسا هەشت گەنجی لەسەر وتنەوەی دروشمی دژە جوو لە میترۆی پاریسدا دەستگیر کردووە و ڤیدیۆی هەرزەکارەکان لە کاتی وتنەوەی دروشمەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە.

ئەم ڕووداوەش کە لە 31 ی مانگی 10 دا ڕوویدا، نیگەرانییەکی نوێی دروست کرد لەسەر زیادبوونی هەستی دژە جوو لە فەڕەنسادا، ئەوەش لە نێوەندی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە داواکاری گشتی پاریسەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت هەشت کەسەکە کە لە دەرەوەی ناوەڕاستی پاریس دەژین، لە ئێستادا لەلایەن پۆلیسی گواستنەوەی فەڕەنساوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

وتنەوەی دروشمەکان لەسەر هێڵی سێی میترۆی پاریس بوو کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێندرێت و بە ناوەڕاستی پاریسدا دەڕوات.

داواکاری گشتی وتیشی هەرزەکارەکان تەمەنییان لە نێوان 13-17 ساڵدایە و بە گومانی بیانوو هێنانەوە بۆ تیرۆر و وروژاندنی ڕق و کینەی نەژادی لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.

بەگوێرەی بەرپرسان، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە کە بەهۆی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل هەڵگیرسا، زیاتر لە 1,250 هێرشی دژە جوو لە فەڕەنسا تۆمار کراون.

بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر وڵاتەکە نزیکەی 1,200 کەس کوژراون کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون. وەزارەتی تەندروستی غەززەش دەڵێت بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 11,000 فەلەستینی کوژراون و زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون و زۆرێکییان منداڵ بوون.

بەگوێرەی ژمارەکانی پۆلیسی فەڕەنسا، ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 180,000 کەس لە سەرانسەری فەڕەنسا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، 105,000 کەسییان لە پاریس بوون و بەشدارییان لە ڕێپێوانێکی هاوبەشدا کردووە بۆ " کۆمار و دژی هەستی دژە جوو."

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی دامەزراوە جووەکان لە فەڕەنسا یۆناثان ئارفی سەبارەت بە وتنەوەی دروشمی دژە جوو لە میترۆکەدا وتی " ئەم دۆسییەیە هێمای دژە جووە کە لە 7 ی مانگی 10 ەوە گەشەی کردووە."

ئارفی بە کەناڵی بی ئێف ئێم تیڤی وت " هیوادارین سزای توند هەبێت بەڵام پەیامێکی پێداگریش هەبێت چونکە پرسێکی ڕاستەقینە هەیە لەگەڵ ئەم جۆرە هەڵوێستە لەنێو نەوە گەنجەکاندا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG