Accessibility links

فەڕەنسا دەڵێت چەند هەفتەیەکی کەم دەرفەت ماوە بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا

وەزیری نوێی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت تەنها چەند هەفتەیەکی کەم دەرفەت ماوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاثرین کۆلۆنا لەبەردەم یاسادانەرانی وڵاتەکەدا گوتی بارودۆخەکە چیتر ناتوانرێت ڕابگیرێت، هەروەها ئێرانی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی کۆمەڵە تاکتیکێک بۆ دواخستنی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە و ڕازی نەبوونی بە گەڕانەوە بۆ ئەو هەڵوێستانەی کە لەم مانگەدا لە گفتوگۆکانی دەوحەدا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، هاوکات بەردەوامی دەدات بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

کۆلۆنا وتی " هێشتا دەرفەتێک ماوە بۆ ئێران تاوەکو لە کۆتاییدا بڕیار بدات ئەو ڕێککەوتنە پەسەند بکات کە خۆی کاریکردووە بۆ دروستکردنی، بەڵام کات دەڕوات." هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئێران لەسەر ئەم ئاڕاستەیەی ئێستای بمێنێتەوە ئەوا دەبێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی.

ڕایگەیاند " کاتەکە دەڕوات. تاران دەبێت درک بەمە بکات." وتیشی هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەی ئەمەریکا واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە قورستر دەکەن.

وتی " ئەو دەرفەتەی ماوە لە چەند هەفتەیەکی کەمدا نامێنێت. ڕێکەوتنێکی باشتر نابێت لەمەی کە ئێستا هەیە."

هەفتەی ڕابردوو نوێنەری ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکان سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، وتی ئێران داواکاری دیکەی زیادکردووە کە پەیوەندییان بە بابەتی بەرنامە ناوەکییەکەیەوە نیە و بەرەوپێشچوونێکی مەترسیداری کردووە لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. تارانیش لەلای خۆیەوە کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خست. بەپێی ڕێکەوتنەکە، سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران لادەبرێن و لەبەرامبەریشدا چالاکییە ناوکییەکانی ئێران سنووردار دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG