Accessibility links

ماکرۆن داوا دەکات فرۆشتنی ئەو چەکانەی لە غەززە بەکاردەهێندرێن، ڕابگیرێن


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند و گوتی ئەو چەکانەی کە لە جەنگەکەی غەززەدا بەکاردەهێندرێن دەبێت ڕابگیرێن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکی فراوانتردا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی.

فەڕەنسا وڵاتێکی سەرەکی دابینکاری چەک نییە بۆ ئیسڕائیل، ساڵی ڕابردوو بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ کەلوپەلی سەربازیی بە ئیسڕائیل فرۆشتووە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا لەسەر هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

ماکرۆن بە ڕادیۆی فرانس ئینتەری وت " پێم وایە کاری پێشینە لەمڕۆدا گەڕانەوەیە بۆ چارەسەرێکی سیاسیی و ڕاگرتنی گەیاندنی ئەو چەکانەیە کە لە غەززە بەکاردەهێندرێن. فەڕەنسا هیچ چەکێک نانێرێت."

وتیشی " کاری پێشینەمان خۆبەدوورگرتن بوو لە پەرەسەندن. گەلی لوبنان نابێت لە بەرامبەردا ببنە قوربانی، نابێت لوبنان ببێتە غەززەیەکی دیکە."

لێدوانەکانی ماکرۆن لە کاتێکدان کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆیڵ بارۆت لە گەشتێکی چوار ڕۆژەییدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژی دووشەممە لە ئیسڕائیل گەشتەکەی تەواو دەبێت، مەبەست لەمەش ئەوەیە کە پاریس هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی هەبێت لە زیندووکردنەوەی هەوڵە دیبلۆماتییەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG