Accessibility links

دادگاییکردنی پیاوێک لە فەڕەنسا لەسەر بە کرێگرتنی خەڵک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر خێزانەکەی دوادەخرێت


دادگاییکردنی پیاوێکی فەڕەنسایی تۆمەتبار بە کرێگرتنی ژمارەیەک کەس بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هاوسەرەکەی لەو کاتەی لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەر بووە، بۆ ڕۆژی دووشەممە دواخرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە تۆمەتبارەکە دۆخی تەندروستی تێکچووە.

دادوەر ڕۆجەر ئاراتا ڕۆژی پێنجشەممە وتی شود دۆمێنیک پێلیکۆتی تەمەن 71 ساڵ ئامادەی دانیشتنی دادگا نابێت، دادگاییکردنەکە دوادەخرێت بۆ کاتێکی دیکە،

ئاراتا وتی " ئەگەر پێلیکۆت بێت ئەوا بەردەوام دەبین."

وتیشی " ئەگەر بۆ بۆ ڕۆژێک، دوو ڕۆژ یاخود سێ ڕۆژی دیکە نەتوانێت ئامادە بێت ئەوا دواخستنەکە درێژ دەکەینەوە." وتیشی ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ نەتوانێت ئامادە بێت ئەوا دادگاییکردنەکە دوادەخرێت.

دۆمێنیک پێلیکۆت بە تۆمەتی بە کرێگرتنی دەیان خەڵکی نەناسراو بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ بۆ دەستدرێژکردنە سەر خێزانە بێهۆشکراوەکەی لە ڕووی سێکسییەوە تۆمەتبار کراوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێگەی پێدرا دادگا جێبهێڵێت دوای ئەوەی بە لاوازی دەرکەوت و گۆچانی پێبوو، فەرمانیشی پێکراوە پشکنینی تەندروستی بکات.

ئاراتا سەرەتا بڕیاریدا کە دادگاییکردنە سەرسوڕهێنەرەکە دەبێت بەردەوام بێت تەنانەت ئەگەر تۆمەتبارە سەرەکییەکەش نەتوانێت تاوەکو ڕۆژی دووشەممە ئامادە بێت.

دۆمێنیک پێلیکۆت دانی بە تاوانەکاندا ناوە و بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە گەواهی بدات. لە هەفتەی ڕابردووەوە دادگاییکردنەکەی دەستیپێکردووە، هاوکات 50 پیاوی دیکە کە تەمەنییان لە نێوان 26 بۆ 74 ساڵدایە دادگاییدەکرێن لەسەر ئەوەی گوایە بەشداربوون لە دۆسییەکەدا کە فەڕەنسای شۆککردووە.

زۆربەیان ڕووبەڕووی سزای 20 ساڵ زیندانیکردن دەبنەوە.

گیسیلی پێلیکۆتی خێزانی پێشووی پێلیکۆت کە تەنها لە ساڵی 2020 دا بۆی دەرکەوت کە ئەو کارەی لەگەڵدا کراوە، داوای کردووە دادگاییکردنەکە بە ئاشکرا بکرێت و خەڵکیش ئاگادار بن، ئەوەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانی هۆشبەر بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی.

چوار تۆمەتباری دیکە لە دۆسییەکەدا بڕیارە لەم هەفتەیەدا دادگاییبکرێن، یەکێکییان جین پیێر ئێمی تەمەن 63 ساڵە کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر گیسیلی پێلیکۆت تۆمەتبار کراوە.

پیێر بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر خێزانەکەی خۆی دوای ئەوەی دەرمانییان داوە بە خێزانەکەی تۆمەتبار کراوە، دەستدرێژیکردنەکە لە کاتێکدا بووە کە دۆمێنیک پێلیکۆت ئامادە بووە و دەرمانەکانی دابینکردووە.

ئاراتا وتوویەتی نایەوێت پیێر گەواهی بدات بەبێ ئامادەبوونی دۆمێنیک پێلیکۆت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG