فەڕەنسا 45,000 ئەفسەری پۆلیس و چەند ئوتومبێلێکی زریپۆشی ڕەوانەی شەقامەکانی شارەکانی وڵاتەکە کردووە بۆ دامرکاندنەوەی پشێوییەکان کە بۆ چوارەمین ڕۆژ شارەکانی فەڕەنسای هەژاندووە، ئەمەش بەهۆی کوژرانی لاوێکەوە لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە.
چەندین بینا و ئوتومبێل سوتێندراون و دوکانەکانیش تاڵان کراون، توندوتیژییەکانیش سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنییان ڕووبەڕووی مەترسیدارترین قەیرانی سەرکردایەتییەکەی کردۆتەوە.
پشێوییەکان سەرانسەری وڵاتەکەی گرتۆتەوە، بە شارەکانی مارسیلیا و لیۆن و تۆلوس و ستراسبۆرگ و لیل و پاریسیشەوە، ڕۆژی سێشەممە نەهیل ئێمی تەمەن 17 ساڵی جەزائیری و بە ڕەچەڵەک مەغریبی لە ناوچەی نانتێرێی پاریس تەقەی لێکرا و کوژرا.
مەرگی نەهیل جارێکی دیکە سکاڵا درێژخایەنەکانی چینی هەژار و توندوتیژی پۆلیس و ڕەگەزپەرستی زیندووکردەوە.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیڕاڵد دارمانین ڕۆژی شەممە وتی شەوی هەینی 270 کەس دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستا لە ماوەی پشێوییەکاندا 1,100 کەس دەستگیرکراون.
شەوی هەینی 80 کەس لە مارسیلیای باشووری فەڕەنسا دەستگیرکراون، کە دووەمین گەورەترین شاری فەڕەنسایە و زۆرێک لە ئەفریکاییەکانی تیادا دەژی.
بەپێی وێنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەقینەوەیەک ناوچەی بەندەری کۆنی مارسیلیای هەژاندووە. بەرپرسانی شارەکە وتیان لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەکەن، بەڵام پێیان وانیە هیچ قوربانییەک هەبووبێت.
پۆلیس وتی پشێوکاران لە ناوەڕاستی مارسیلیا دوکانێکی چەکییان تاڵان کردووە و چەند چەکێکی ڕاوکردنییان دزیوە، بەڵام تەقەمەنییان نەدزیوە. کەسێک دەستگیرکراوە کە چەکێکی پێیبووە ڕەنگە لە دوکانەکەوە بووبێت. ئێستا دوکانەکە لەلایەن پۆلیسەوە پاسەوانی دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی مارسیلیا بێنوا پایان داوای لە حکومەتی نیشتیمانی کرد دەستبەجێ هێزی زیاتر بنێرێت. وتی " دیمەنی تاڵان کردن و توندوتیژی جێی قبوڵکردن نیە."
ڕۆژی شەممە سێ ئەفسەری پۆلیس بە سوکی بریندار بوون، فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەری پۆلیس بەسەر سەرییاندا فڕیوە.
لە لیۆنی سێیەمین گەورەترین شاری فەڕەنسا، هێزەکانی پۆلیس ئوتومبێلی زریپۆش و هێلیکۆپتەرییان ڕەوانە کردووە بۆ دامرکاندنەوەی پشێوییەکان.
دارمانین داوای لە بەرپرسانی ناوخۆی سەرانسەری فەڕەنسا کرد هاتوچۆی پاس و ترامەکان ڕابگرن و وتی 45,000 ئەفسەری پۆلیس ڕەوانەی سەرانسەری وڵاتەکە دەکرێن.
دارمانین بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیسی وت " کاتژمێرەکانی دواتر یەکلاکەرەوە دەبن و دەزانم دەتوانم پشت بە هەوڵە بێ کەمورتەکانتان ببەستم."
لە پاریسیش پۆلیس خۆپیشاندەرانی لە گۆڕەپانی پلەیس دی لا کۆنکۆخد دوورخستەوە. دارمانین وتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 ئەفسەری پۆلیس بریندار بوون و سەدان کەس دەستگیرکراون.
تاڵانکارانیش دەیان دوکانییان تاڵان کردووە و نزیکەی 2000 ئوتومبێلیشییان سوتاندووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز