یەکەمین دادگاییکردنی بەرپرسانی ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە فەڕەنسا ڕۆژی سێشەممە دەستیپێکرد، سێ ئەفسەری باڵای ئاسایشی سوریا بە تۆمەتی بەشداریکردنییان لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی دەکرێن، بەڵام خۆیان لە دادگاییکردنەکەدا ئامادە نابن.
دادگای تاوانی پاریس سێ بەرپرسی سوریایی دادگایی دەکات لەسەر ڕۆڵی ئەو بەرپرسانە لە مردنی دوو پیاوی سوریایی – فەڕەنسی، مازن دەباغ و پاتریکی کوڕی، کە لە ساڵی 2013 دا لە دیمەشق دەستگیرکران.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی " بۆ یەکەمین جار دادگاکانی فەڕەنسا مامەڵە لەگەڵ تاوانەکانی بەرپرسانی سوریادا دەکەن، هەروەها باڵاترین بەرپرسانی دەسەڵاتەکە دادگایی دەکەن کە یەکەمین جارە لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریاوە لە مانگی سێی ساڵی 2011 دا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
جەنگەکەی نێوان ڕژێمەکەی ئەسەد و گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی، دوای سەرکوتکارییەکانی حکومەت دژی خۆپیشاندانە ئاشتییانەکەی لایەنگرانی دیموکراسی لە ساڵی 2011 دا هەڵگیرسا.
جەنگەکەی ناو سوریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە، هەروەها ئابووری و ژێرخانی سوریای لە ناوبردووە.
دادگاییکردنی ڕژێمەکەی سوریا لە شوێنەکانی دیکەش لە ئەوروپا بەڕێوەچوون، بە تایبەتی لە ئەڵمانیا. بەڵام لەو دۆسییانەدا، ئەو کەسانەی کە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە پلەی نزمترییان هەبووە و ئامادەی دادگاییکردنەکان بوون.
هەریەک لە عەلی مەملوکی سەرۆکی پێشووی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی سوریا و جەمیل حەسەنی بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری هێزی ئاسمانی سوریا و عەبدولسەلام مەحمودی سەرۆکی پێشووی لێکۆڵینەوەکان لە دیمەشق، کە مۆڵەتی دەستگیرکردنییان لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بۆ دەرچووە، لە دادگاییکردنەکەی فەڕەنسادا دادگایی دەکرێن، بەڵام ئامادەی دادگاییکردنەکە نابن.
دادگاییکردنەکە بڕیارە چوار ڕۆژ بخایەنێت، هەروەها لە ڕێی ڤیدیۆوە تۆمار دەکرێت.
پاتریک دەباغ ئەو کاتەی کە دەستگیرکرا تەمەنی 20 ساڵ بوو، هەروەها لە ساڵی دووەمی خوێندنیدا بوو لە بەشی هونەر لە زانکۆی دیمەشق. مازنی باوکی ڕاوێژکارێکی باڵای خوێندن بووە لە خوێندنگایەکی ئامادەیی لە دیمەشق.
پاتریک و مازن لە مانگی یانزەی ساڵی 2013 دا لەلایەن چەند ئەفسەرێکەوە دەستگیرکران کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە دەزگای هەواڵگری هێزی ئاسمانی سوریان.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی " بەپێی لێدوانی شایەتحاڵەکان، مازن و پاتریک عەبدلقادر هەردووکییان گواستراونەتەوە بۆ ناوەندێکی گرتن لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مازە، کە لەلایەن هەواڵگری هێزی ئاسمانی سوریاوە بەڕێوەدەبرێت و بە ئەشکەنجەدانە دڕندانەکەی ناسراوە." هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە مازن و پاتریک بەشدار نەبوون لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕژێمەکەی ئەسەددا.
لە ساڵی 2018 دا هەواڵی مردنی پاتریک و مازنی باوکی ڕاگەیەندرا. خێزانەکەیان بە فەڕمی ئاگادارکرانەوە کە پاتریک لە 21 ی مانگی یەکی ساڵی 2014 دا مردووە. مازنی باوکیشی نزیکەی چوار ساڵ دوای ئەوەی لە 25 ی مانگی یانزەی ساڵی 2017 دا مردووە.
دادوەرە لێکۆڵەرەکان وتیان " بۆیان دەرکەوتووە " کە دوو پیاوەکە " هاوشێوەی هەزاران کەسی دیکە کە لەلایەن هەواڵگری هێزی ئاسمانییەوە دەستبەسەربوون، ڕووبەڕووی جۆرە ئەشکەنجەدانێک بوونەتەوە کە ئەوەندە زۆر بووە بووەتە هۆی مردنییان."
لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا، لێکۆڵەرەوە فەڕەنسییەکان و کۆمسیۆنی لێپێچینەوە و دادپەروەریی نێودەوڵەتی، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتییە، لێدوانی دەیان شایەتحاڵ و زیندانییانی پێشووییان کۆکردووەتەوە سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لە زیندانی مازەدا، لەوانەش بەکارهێنانی شۆکی کارەبا و توندوتیژی سێکسی.
کلێمێنس بیکتارت کە نوێنەرایەتی خێزانەکەی دەباغ دەکات، لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، وتییان دادگاییکردنەکە بە بیرهێنانەوەیەکە لەسەر ئەوەی " لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا " نابێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەددا ئاسایی بکرێنەوە.
بیکتارت وتی " ئێمە ئەوەمان بیر دەچێتەوە کە تاوانەکانی ڕژێمەکە هێشتا تاوەکو ئەمڕۆ هەر ئەنجام دەدرێن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس