Accessibility links

باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە نەیجەر هێرشی دەکرێتە سەر


نایجەر، بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە نیامی
نایجەر، بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە نیامی

وڵاتانی ڕۆژئاوای ئافریکا سزایان بەسەر نەیجەردا سەپاند و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزییان کرد ئەگەر ڕابەرانی کودەتاکەی نەیجەر نەتوانن لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرۆکی نەیجەر محەمەد بازوم بگەڕێننەوە سەر دەسەڵات، هاوکات لایەنگرانی ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر کە ڕابەرایەتی کودەتاکەیان کردووە هێرشییان کردە سەر باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە نیامی.

وەڵامەکەی کۆمەڵگەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئافریکا کە لە 15 وڵات پێکهاتوون بۆ کودەتاکەی نەیجەر لە کاتێکدا بوو کە لایەنگرانی کودەتاکە لە نیامی پایتەختی نەیجەر ئاڵای فەڕەنسایان سوتاند و بەردییان گرتە باڵیۆزخانەکەی، پۆلیسیش گازی فرمێسک ڕژێنی بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە بەکارهێنا.

بەپێی ئەو وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئاگر لە دیوارەکانی باڵیۆزخانەکە بەرز دەبێتەوە و چەند کەسێکیش بریندار بوون و بە ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن دەگوازرێنەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵگەی ئابووری ڕۆژئاوای ئافریکادا لە نایجیریا کە مەبەست لێی تاوتوێکردنی کودەتاکەی نەیجەر بوو، ڕابەرانی وڵاتەکان داوایان کرد سەروەری دەستوور بۆ وڵاتەکە بگەڕێندرێتەوە، هۆشدارییاندا لەسەر تۆڵەکردنەوە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت.

وڵاتانی کۆمەڵگەی ئابووری ڕۆژئاوای ئافریکا لە بەیاننامەیەکدا وتییان " ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە ڕەنگە بەکارهێنانی هێزیش لە خۆبگرێت." وتیشییان بەرپرسانی بەرگری وڵاتەکانییان دەستبەجێ بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە کۆدەبنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG