Accessibility links

وەزارەتی تەندروستی غەززە: ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە 25,000 کەس تێدەپەڕێنێت


وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە کۆنتڕۆڵ کراوە دەڵێت ژمارەی کوژراوان بەهۆی جەنگەکەوە 25,000 کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتەکە ڕۆژی یەکشەممە وتی لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا 25,102 کەس کوژراون و 62,681 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 178 فەلەستینی کوژراون و 293 کەسی دیکە بریندار بوون.

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا گرانت شاپس بە سکای نیوزی وت " ئەوە جێی نائومێدییە " کە لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهووە ببیستیت کە دژی دەوڵەتێکی فەلەستینییە.

شاپس وتی " هەتاوەکو هەوڵ بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت نەدەیت، من بە ڕاستی پێم وانیە چارەسەرێکی دیکە هەبێت."

ڕۆژی شەممە نەتانیاهو وتی " سازش ناکات لەسەر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئیسڕائیل بەسەر غەززەدا " و وتی " ئەمە پێچەوانەی دەوڵەتێکی فەلەستینییە." ئەوەش پێچەوانەی لێدوانێکی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بوو کە داوای دەوڵەتێکی فەلەستینی کردووە وەکو چارەسەرێک بۆ ململانێ درێژخایەنەکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان.

ڕۆژی هەینی بایدن وتی " ژمارەیەک لە جۆری چارەسەری دوو دەوڵەت هەن، " کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا چارەسەری دوو دەوڵەت مەحاڵ دەبێت لە کاتێکدا کە نەتانیاهو لەسەر دەسەڵات بێت، بایدن وتی " نەخێر مەحاڵ نیە."

ڕۆژی هەینی بایدن لەگەڵ نەتانیاهودا سەبارەت بە چارەسەرەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی قسەی کردووە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەرۆک بایدن، سەرۆک وەزیر نەتانیاهو جەختی لە سیاسەتەکەی خۆی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی دوای ئەوەی کە حەماس لە ناودەچێت ئیسڕائیل دەبێت کۆنتڕۆڵی ئاسایشی غەززە بکات بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی غەززە چیتر نەبێتە مەترسییەک بۆ ئیسڕائیل." ئەو داواکارییەش بە پێچەوانەی داواکانەوەیە بۆ سەروەری خاک بۆ فەلەستینییەکان.

سەرکردەی پێشووی سوپای ئیسڕائیل گادی ئایزنکۆت کە یەکێکە لە پێنج ئەندامەکەی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل، دەڵێت تەنها ڕێککەوتنێکی ئاگربەست دەتوانێت ئەو دەیان بارمتەیە ئازاد بکات کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون، هەروەها دەڵێت ئەوانەی کە دەڵێن دەکرێت لە ڕێی شێوازی دیکەوە ئازاد بکرێن تەنها " خەیاڵات " بڵاو دەکەنەوە.

نەتانیاهو ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتەوە لەلایەن ئەندامانی حکومەتە ڕاستڕەوەکەیەوە کە جەنگێکی بەرفراوانییان دژی حەماس دەوێت، هاوکات ئەمەریکای هاوپەیمانی سەرەکی ئیسڕائیل، داوای دان بەخۆداگرتن دەکات لە غەززەدا.

نەتانیاهو وتوویەتی هەوڵی " سەرکەوتنێکی تەواو " دەدات دژی حەماس، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە چۆن ئەو کارە دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG