لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس و جیهادی ئیسلامی هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەدا 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. هەر ئەو هێرشەی حەماسیش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی جەنگەکەوە نزیکەی 41,000 فەلەستینی کوژراون.
جەنگەکەی غەززە ڕۆژی شەممە چووە دوانزەیەمین مانگییەوە و لانیکەم 16 فەلەستینی لە غەززە کوژران و هیچ ئاماژەیەکیش نیە لەسەر بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا.
ڕۆژی شەممە خێزانی ئایسینور ئیزگی ئیجی کە ڕۆژی هەینی لەلایەن سەربازانی ئیسڕائیلەوە لە ماوەی خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی فەلەستینییەکاندا کوژرا، داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیان کرد. کۆشکی سپیش داوای لێکۆڵینەوەیەکی کرد.
شایەتحاڵان دەڵێن ئیگی تەمەن 26 ساڵ کاتێک تەقەی لێکراوە هیچ مەترسییەک نەبووە لەسەر هێزەکانی ئیسڕائیل.
ڕۆژی شەممە هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل وتی لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا " بە تەقە وەڵامی چالاکییەکییان داوەتەوە کە هانی توندوتیژی داوە و بەردییان بە ئاڕاستەی هێزەکان هەڵداوە و مەترسی بوون لەسەرییان."
سوپای ئیسڕائیل وتیشی لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکان دەکەن لەسەر کوژرانی هاووڵاتییەکی بیانی بەهۆی تەقەکردنەوە لە ناوچەکەدا. ئیگی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی – تورکیایی بووە.
کوژرانی ئیگی دوای ئەوە بوو هێزەکانی ئیسڕائیل دوای 10 ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکانییان لە جنینی کەناری ڕۆژئاوا دەکشانەوە.
سوپای ئیسڕائیل کشانەوەی لە جنین پشتڕاست نەکردەوە بەڵام وتی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا لە جنین 14 تیرۆریستییان کوشتووە و زیاتر لە 30 گومانلێکراوی دیکەیان دەستگیرکردووە، هەروەها چەندین ژێرخانی تیرۆریستانییان لە ناوبردووە، بە کۆگایەکی چەک و تاقیگەیەکی تەقەمەنیشەوە لە ژێر زەویدا.
فەرمانڕەوای جنین کەمال ئەبو ئەلڕوب وتی ئەمە ڕووخێنەرترین لەشکرکێشی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بووە کە تاوەکو ئێستا ڕوویدابێت.
سەرەڕای شەڕەکە، کارمەندانی تەندروستی دووەمین قۆناغی هەڵمەتی کوتانییان دژی ئیفلیجی منداڵان تەواو کرد. ئامانجەکە ئەوەیە 640,000 منداڵ ڤاکسین وەربگرن لە نێوەندی سیستمێکی تەندروستیدا کە بەهۆی جەنگەکەوە وێران بووە. ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە یەکەمین حاڵەتی ئیفلیجی منداڵ لە غەززە دەرکەوت، یەکەمین حاڵەت بووە لە دوای 25 ساڵەوە.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان گەیشتوون بە زیاتر لە نیوەی ئەو منداڵانەی کە پێویستییان بە قەترە هەیە لە یەکەمین دوو قۆناغەکەدا لە باشوور و ناوەڕاستی غەززەدا. قۆناغی سێیەمی کوتانەکە ڕۆژی یەکشەممە لە باکووری غەززە دەبێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا