Accessibility links

هۆکاری گیان لەدەستدانی جین هەکمەن و هاوسەرەکەی ڕادەگەیەنرێت


جین هەکمەن و هاسەرەکەی، بێتسی ئاراکاوا
جین هەکمەن و هاسەرەکەی، بێتسی ئاراکاوا

بەرپرسانی پزیشکی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ ڕایانگەیاند ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیود جین هەکمەن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە مردنی هاوسەرەکەی، بێتسی ئاراکاوا.

تەرمی هەکمەنی تەمەن 95 ساڵ و تەرمی بێتسی ئاراکاوای تەمەن 65 ساڵی خێزانی لە 26 ی مانگی دوودا لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە کاتێک کارمەندانی چاککردن و ئاسایش چوون بۆ ماڵەکەیان و پۆلیسییان ئاگادار کردەوە.

بەرپرسان هەلومەرجە نادیارەکەی گیان لە دەستدانی هەکمەن و ئاراکاوایان ئاشکرا کرد و وتییان ئاراکاوە ڕەنگە لە 11 ی مانگی دوودا بەهۆی ڤایرۆسی هانتاوە گیانی لە دەستدا بێت، ڤایرۆسەکە دەگمەنە بەڵام ئەگەری هەیە کوشندە بێت.

هەکمەن کە لە قۆناغێکی مەترسیداری ئەلزهایمەردا بووە، وادیارە کە ئاگاداری ئەوە نەبووە کە خێزانەکەی گیانی لە دەستداوە، لە کاتێکدا کە هەردووکیان لە ماڵێکدا بوون.

لێکۆڵەری باڵای تەندروستی دکتۆر هێثەر جارێڵ وتی " ئەو ' هەکمەن ' لە دۆخێکی تەندروستی زۆر خراپدا بووە. نەخۆشییەکی مەترسیداری دڵی هەبووە و پێم وایە دواجار ئەوە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی. ئەوە زۆر ڕێی تێدەچێت کە ئاگاداری ئەوە نەبووە خێزانەکەی گیانی لە دەستداوە."

هۆکاری هەردوو مردنەکە بە سروشتی لە قەڵەمدراوە.

ئادان مێندۆزا، شەریفی سانتا فێ وتی دوایین چوونە دەرەوەی ئاراکاوە کە زاندرا بێت لە 11 ی مانگی دوودا بووە. سەردانی دەرمانخانەیەک و دوکانێکی ئاژەڵانی ماڵی و مارکێتێکی کردووە پێش ئەوەی ئەو ئێوارەیە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان.

ئاراکاوە لەو ڕۆژەدا چیتر وەڵامی ئیمەیڵەکانی نەداوەتەوە. تەلەفونی دوو هاوسەرەکە شیکارییان بۆ نەکراوە.

جارێڵ وتی هەکمەن ڕەنگە لە 18 ی مانگی دوودا گیانی لە دەستدا بێت.

هەکمەن لە ژوورەوە لەبەردەم دەرگای دەرەوەدا دۆزراوەتەوە، ئاراکاوا لە گەرماوەکەدا دۆزراوەتەوە. تەرمەکانیان خراپ بوون.

شارەزایان دەڵێن هەکمەن زۆر لاواز بووە بەهۆی نەخۆشی ئالزهایمەرەوە و نەیتوانیوە لە دوایین هەفتەی ژیانیدا مامەڵە لەگەڵ مردنی خێزانەکەیدا بکات، یاخود هەوڵی دەستکەوتنی یارمەتی بدات دوای ئەوەی کە خێزانەکەی گیانی لە دەستداوە.

جین هەکمەن یەکێک بوو لە ئەکتەرە بەرهەمدارەکانی هۆلیوود کە بە درێژایی ژیانی هونەری لە زیاتر لە 80 فیلمدا بەشداری کردبوو. ئەو دوو جار خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنابوو.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG