ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی دوای کۆبوونەوە چەند کاتژمێرییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا دەرفەتی زیاتری بینیوە بۆ دیبلۆماسی، ڕوونیشی کردەوە ڕەتی دەکاتەوە هیچ ئومێدێک نەمابێت سەبارەت بە بارودۆخەکە.
ڕۆژی دووشەممە شۆڵز سەردانی ئۆکرانیای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا کۆبۆوە، دواتر ڕۆژی سێشەممە سەردانی ڕووسیای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆبۆوە، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێی ڕۆژئاوادا بۆ ڕێگەگرتن لە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوای ئەوەی ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکرد.
شۆڵز لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ پوتن وتی " ڕێگەکانی دیبلۆماسی هێشتا ماون."
شۆڵز وتی ئەوە نیشانەیەکی باشە کە هێزەکانی ڕووسیا دەگەڕێنەوە بۆ بنکەکانی خۆیان دوای ئەوەی مەشقەکانیان لەنزیک ئۆکرانیا تەواو کرد، ئاماژەشی بەوەدا دەیەوێت نیشانەی زیاتری ئەرێنی ببینێت.
شۆڵز وتی " دەبێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئیتر گرنگ نیە بارودۆخەکە چەند سەخت و مەترسیدار بێت، ڕەتی دەکەمەوە هیچ ئومێدێک بۆ بارودۆخەکە نەمابێت."
وتیشی دەکرێت ڕێکەوتنێکی درێژخایەن لەسەر ئاسایشی ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیادا واژۆ بکرێت.
وتیشی " جەنگ لە ئەوروپا بۆ نەوەکانی ئێمە شتێکە ناتوانیت بیریشی لێبکەیتەوە، دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی هەر بەوشێوەیە بمێنێتەوە. ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە وەکو ڕابەرانی دەوڵەت و حکومەت ڕێگە نەدەین گرژییە سەربازییەکان لە ئەوروپا زیاد ببن."
شۆڵز کە لە ناوخۆی ئەڵمانیا و دەرەوەشدا ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر ئەوەی دژی ڕووسیا قسە ناکات و هەڵوێستی تێکەڵی هەیە سەبارەت بە ئۆکرانیا، وتی هەندێک لە داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا شایستەی ئەوەن تاوتوێ بکرێن، ئەمەش لەکاتێکدا هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان ڕەت کردۆتەوە.
جارێکی دیکەش شۆڵز نەیووت کۆتایی بە پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی دەهێنێت ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، تەنها وتی ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا دەرەنجامی دەبێت.
جێی ئاماژەیە پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی لە قۆناغی تەواو بووندایە و چاوەڕێی پەسەندکردنییەتی لەلایەن ئەڵمانیاوە، پڕۆژەکە ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا گازی ڕووسی ڕاستەوخۆ لە ڕووسیاوە ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکرێت و چیتر گازەکە بە ئۆکرانیادا تێپەڕ نابێت.
لەمیانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، شۆڵز نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کێشەکانی مافی مرۆڤ لە ڕووسیادا، لەوانەش داخستنی میمۆڕیاڵی گروپی مافەکانی مرۆڤ لە ڕووسیا لە مانگی دوانزەدا.
هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا شۆڵز و پوتن سەبارەت بە هاوپەیمانێتی ناتۆش قسەیان کرد. پوتن ڕەخنەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ گرت و وتی ناتۆ لە ساڵی 1999 دا لەڕێی بۆردومانکردنی یوگسلاڤیای پێشووەوە جەنگی لە ئەوروپادا هەڵگیرساندووە، لە وەڵامدا شۆڵز وتی ئەو بۆردومانە بۆ ئەوە بووە ڕێگە لە کۆمەڵکوژی بگیردرێت، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ لەناوبردنی نەژادە ئەلبانییەکان لە کۆسۆڤۆ.
پوتن وتی ڕووسیا پێی وایە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیەکانی هەرێمی دۆنباسدا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا " کۆمەڵکوژییە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز