Accessibility links

ئەمەریکا: چەکدارێک 18 خوێندکاری منداڵ لە قوتابخانەیەکی تەکساس دەکوژێت


یوڤاڵدی، تێکساس
یوڤاڵدی، تێکساس

چەکدارێکی تەمەن 18 ساڵ چووەتە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە باشوری ڕۆژئاوای ویلایەتی تەکساس و لەوێ خوێندکار و مامۆستای کوشتووە.

ڕۆناڵدۆ گوتێرز، سیناتۆر لە ئەنجومەنی ویلایەتی تەکساس لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CNN وتی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ویلایەتەکەی پێـی وتووە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 18 خوێندکاری منداڵ.

پێشتر فەرمانڕەوای ویلایەتی تەکساس گرێگ ئابۆت بە ڕۆژنامەنووسانی وت چەکدارەکە ناوی سالڤادۆر ڕامۆس (تەمەن 18 ساڵ) بووە و دواتر بە دەستی پۆلیس کوژراوە. 2 ئەفسەریش برینداربوون، بەڵام ئابۆت وتی برینەکانیان سەخت نین.

بەرپرسان دەڵێن چەکدارەکە بە تەنها ئەو کارەی کردووە.

تەقەکردنەکە لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕۆب لە شارۆچکەی یوڤاڵدی ویلایەتی تەکساس ڕوویداوە.
ئابۆت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە شێوەیەکی ترسناک تەقەی کردووە و قوتابی و مامۆستای کوشتووە کە قەرەبوو ناکرێنەوە."

وتیشی " باوەڕ وایە چەکدارەکە ئوتومبێلەکەی بەجێهێشتووە و بە دەمانچەیەکەوە چووەتە ناو قوتابخانەی سەرەتایی ڕۆبەوە لە یوڤاڵدی، ڕەنگە چەکێکی گەورەشی پێبووبێت، بەڵام بەپێی نوێترین ڕاپۆرت کە بەدەستم گەیشتووە هێشتا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە."

کۆشکی سپی دەڵێت بڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئەمشەو لە وتارێکدا باس لە تەقەکردنەکە بکات.

ئەم ڕووداوی تەقەکردنەش یەکێکە لە کوشندەترین ڕووداوەکانی تەقەکردن لە قوتابخانەکانی ئەمەریکادا، کوشندەترین تەقەکردن لە مانگی دوانزەی ساڵی 2020 دا بوو کاتێک چەکدارێک 26 کەسی لە قوتابخانەی سەرەتایی ساندی هووکی ویلایەتی کۆنێتیکێت کوشت، لەنێو کوژراوەکاندا 20 منداڵییان تێدا بوو.

لە ساڵی 2018 دا خوێندکارێک لە خوێندنگای ئامادەیی مارجۆری ستۆنمان دۆگلاس لە پارکلاندی ویلایەتی فلۆریدا 17 خوێندکار و مامۆستایەکی کوشت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG