Accessibility links

لە ژێر سێبەری جەنگەکەی غەززەدا، زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئەرکی حەج جێبەجێ دەکەن


زیاتر لە یەک ملیۆن موسوڵمان لە ژێر گەرمایەکی زۆردا گەیشتنە نزیک شاری مەککەی سعودیە، لە کاتێکدا کە لە نێوەندی جەنگەکەی ناو غەززەدا حەج دەستیپێکرد.

نوێژخوێنان بە پاس یان بە پێ، کە زۆربەیان چەترییان پێبوو دوای ئەنجامدانی " تەواف " دەگەیشتنە کامپە گەورەکە، حەوت جار بە دەوری کەعبەدا دەسوڕانەوە.

تاوەکو ڕۆژی دووشەممە بەشداربووانی حەج ژمارەیان گەیشتە 1.5 ملیۆن کەس، لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوون بۆ ئەنجامدانی حەج، حەجی ئەم ساڵ لە پلەیەکی گەرمای زۆر بەرزدایە، ڕۆژانە پلەکانی گەرما دەگەنە 44 پلەی سیلیزی.

فەهاد ئەزمەری تەمەن 31 ساڵ کە خەڵکی پاکستانە وتی " زۆر زۆر گەرمە، بەڵام سوپاسی خودا دەکەم بۆ ئەو دەرفەتەی کە لێرە بم."

موسوڵمانەکان شەوەکە لە مینا بەسەر دەبەن کە دەکەوێتە دووری چەند کیلۆمەترێک لە دەرەوەی مەککە، دواتر ڕۆژی شەممە بە چیای عەرەفاتتدا سەردەکەون.

شوێنی مانەوە لە خێمەکانی مینا کە فێنککەرەوەیان تێدا دانراوە و بە پێی نەتەوە و نرخ ڕێکخراوە، ئەمەش بەپێی ئەوەی هەر حاجییەک چەند پارەی بۆ پاکێجی حەجەکەی داوە.

ئینتیشام ئەلئەهلی تەمەن 44 ساڵ کە خەڵکی پاکستانە و خێمەکەی لەگەڵ چەندین کەسی دیکەدا هاوبەش کردووە، وتی " دەبێت شوێنی خەوتنەکان لە یەکترەوە دوورتر بوونایە، فێنککەرەوەکەش زۆر بە باشی کارناکات، بەڵام حەج واتە ئارامگرتن."

لە دەرەوەی خێمەکان، فێنککەرەوە داندراوە بۆ فێنککردنەوەی خەڵکەکە، پاسەوانەکانیش ئاو دەکەن بەو کەسانەدا کە بەلایاندا تێپەڕ دەبن بۆ ئەوەی فێنکییان بکەنەوە.

زۆربەی ئەرکەکانی حەج لە دەرەوە جێبەجێ دەکرێن، بەڵام ڕۆژی شەممە زۆر سەختتر دەبێت بۆ نوێژخوێنان، کاتێک هەموو ڕۆژەکە لە چیای عەرەفات بەسەر دەبەن.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعودیە محەمەد ئەلعەبدوڵالی بە فرانس پرێسی وت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 10,000 حاڵەتی تۆمارکراو هەبوون لەسەر نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرماوە، لە سەدا 10 ی ئەو ژمارەیە جەڵتەی گەرما لێیدابوون.

ڕۆژی پێنجشەممە نامەیەک نێردراوە بۆ حاجییان و پێیان دەڵێت " ئاو زۆر بخۆنەوە، زیاتر لە دوو لیتر لە ڕۆژێکدا و چەترتان پێبێت." هۆشداریش دەدات لەسەر ئەوەی ڕەنگە پلەکانی گەرما بۆ 48 پلەی سیلیزی بەرزببنەوە.

زۆرێک لە حاجییان دەڵێن دەیانەوێت نزا بۆ فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە بکەن.

زەهرە بنیزەهرای تەمەن 78 ساڵ کە خەڵکی مەغریبە وتی کاتێک سەیری " وێنەکانی جەنگ و ئاوارەکان و منداڵانی مردوو " دەکات دەگری و ئەو وێنانە ئازاری دەدەن.

بە فرانس پرێسی وت " براکانمان دەمرن، ئێمەش بە چاوی خۆمان ئەوە دەبینین."

بێلیندا ئیلهام لە ئیندۆنیسیاوە کە زۆرترین دانیشتووی موسوڵمانی هەیە لە جیهاندا وتی " هەموو ڕۆژێک نزا دەکەم بۆ ئەوەی ئەوەی کە لە فەلەستین ڕوودەدات کۆتایی بێت."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی وتی نزیکەی 2000 فەلەستینی لەسەر بانگهێشتی تایبەتی پاشا سەلمان هاتوون بۆ حەج.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG