هاووڵاتیانی هەڵەبجە نیگەرانی خۆیان لە پەراوێزخستنی پارێزگاکەیان لەلایەن هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمەوە دەردەبڕن و دەڵێن ڕۆژانە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکەنەوە،بەڵام وەک دانیشتوانی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ دەکەن ، هەڵەبجەگەرچی پارێزگایەکی نوێیە، تەواوی ئەو پرۆژانەی کە حکومەت لە هەڵەبجە بڕیاری کردنەوەی دابوون، بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون،هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژیشی بۆ ئەنجام نەدراوە، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و بڕیارە سبەینێش وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی گرفتەکان سەردانی هەڵەبجە بکەن و لەگەڵ ئیدارەی هەڵەبجە کۆببنەوه.
سەروەت محمد هاووڵاتیەکی هەڵەبجە و دەڵێت هەموو پرۆژەکانی هەڵەبجە بە هۆکاری قەیرانی دارایی وەستێنراون و دەشڵیت پێویستە حکومەتی هەرێم حکومەتی هەموو پارێزگاکان بێت.
لەلایەکی دیکەوە ،جەوهەر محمد عەلی هاووڵاتیەکی دیکەی هەڵەبجەیە و دەڵێت هەڵەبجەی پێش پارێزگا بوون و دوای بە پارێزگا بوونی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووه.
د. دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە و لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریکادا سەبارەت بە جیاوازی لە نێوان پارێزگاندا و لە کاتی ئەنجامدانی پرۆژەکاندا، وەک خەڵکی شارەکە ئاماژەی پێدەدەن ،ڕایگەیاند پارێزگای هەڵەبجە پارێزگایەکی نوێیە و کاتی بە پارێزگا بوونی لەگەڵ دروست بوونی ژمارەیەک قەیران بووە، ئێمە هاتووین ئەو پرۆژانەی کە وەستاون و پەیوەندیدارن بە ژیانی خەڵکەوە بیانخەینە کار .
هەڵەبجە بە بڕیاری ژمارە 11 ی پەرلەمانی کوردستان و لە 22-9-1999 بڕیاری بە پارێزگا کردنی دراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە پێی مادەی 141 دەستوری عێراق و لە 7-8-2013 داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە هەڵەبجە بکاتە پارێزگا.
دوای ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ بە پارێزگا کردنی بە بڕیاری ژمارە 586 لە 31-12-2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە 54 پڕۆژە یاساکەی پەسەند کردووە ، دوای پێکهێنانی پارێزگای هەڵەبجە نەحکومەتی هەرێم پڕۆژەیاساکەی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵەبجە جێ بەجێ کردوو ، نە حکومەتی عێراقیش پابەندی نوسراوەکانی بوو.
تا ئێستاش هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم وەک پارێزگایەکی دانپێدانراو مامەڵەی لەگەل ناکەن، خەڵکی هەڵەبجەش پارێزگاکەیان بە پارێزگایەکی پەراوێز خراو ناودەبەن.