له بەرامبەر دەستڕێژی گولـلە لە ماڵی پارێزەرێک لە ناحیەی خورماڵی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، پارێزەرانی دادگایی هەڵەبجە لە گردبوونەوەیەکدا، ئیدانەی هێرشکردنە سەرپارێزەرانیان کرد بەهۆی پیشەکانیان و داوایان لە دامەزراوە ئەمنیەکان کرد، ڕێگری بکرێت لە هێرشکردنە سەریان و هاوڵاتیانیش لە کاری پارێزەرایەتی تێبگە.
ڕێباز ڕێبوار بە ناوی ژمارەیەک لە پارێزەرانی دادگای هەڵەبجەوە لە بەینامەیەکەدا داوایان لە سەندیکای پارێزەرانی عێراق و هەرێم کرد، مەترسیەکانی سەر ژیانی پارێزەران بە هەند وەربگرن و ڕێگری بکرێت لە هەر هەوڵێک کە بەهۆی پیشەکەیانەوە هەر کەسێک بیەوێت زیان بە پارێزەران بگەیەنێت.
کاروان عەبداللە حەسەن ئەو پارێزەرەی هێرشەکەی کراوەتە سەر ڕایگەیاند لە کاتژمێر 1:36 ی شەودا بە دەستڕێژی گولـلە 27 گولە بە ماڵەکەیەوە نراوە، هۆکاری ئەم ڕووداوەش بۆ پیشەکەی دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت تاوەکو ئێستا هیچ هاوڵاتیەک بەتۆمەتی رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە حەیدەر حەمەڕەشید ، لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕایگەیاند تێگەیشتنی باش هەبووە بۆ کارەکەیان لە ماوەی رابردوودا، هیچ رووداوێکی لەو جۆرە نەبووە، بەڵام دەخوازن دووبارە نەبێتەوە.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە ساڵی 2020 دا هەزار و 868 دۆسیە پەڕاوی لێکوڵینەوەی لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ کراوەتەوە و سێ حاڵەتی کوشتن بە ئەنقەست تۆمار کراوە و 16 چەکی جۆراوجۆریش دەستیان بەسەردا گیراوە.