گروپە چەکدارییە ئیسلامییەکان بە ڕابەرایەتی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام، پێشڕەوی دەکەن بەرەو حەمای چوارهەمین گەورەترین شاری سوریا، ئەوەش دوابەدوای هێرشە خێراکەیان کە تێیدا کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی باکوورییان کردووە.
ئەم هێرشە نوێیانە کۆتایی بە تا ڕادەیەک ئارامی هێنا کە ماوەی چوار ساڵ بوو بەردەوام بوو، هەروەها بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 50,000 کەس، ئەمەش نیگەرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
گروپە چەکدارییەکان لە حەما ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکی بەهێزتر بوونەوە بە بەراورد لەگەڵ حەلەبدا کە هەفتەی ڕابردوو هێرشەکەیان بۆ سەر ئەو شارە دەستپێکرد و کۆنتڕۆڵییان کرد. شەڕ و پێکدادانێکی سەخت ڕوویداوە لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی ڕووسیا دەیان هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەوییەکانی گروپە چەکدارییەکان، ئەمەش بەپێی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ. هێرشەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس کە زۆربەیان چەکدار و سەرباز بوون.
حەما گرنگییەکی ستراتیژیی و سیمبولی هەیە. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریادا موڵگەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بوو، لە ساڵی 1982 دا لە حەما کۆمەڵکوژییەک دژی گروپی برایەتی موسوڵمانان ڕوویدا کە سوپا سەرکردایەتی دەکرد. ڕووخانی شارەکە مەترسی لەسەر پێگەکانی حکومەت دروست دەکات لە ناوچەکانی زۆرینە عەلاوییەکان کە لایەنگری سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدن.
نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرکردەکانی جیهانیش، بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاشەوە، داوای دەستبەجێ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلیان کردووە. وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە سەرجەم وڵاتان کرد کاریگەرییەکانییان بەکاربهێنن بۆ هەوڵدان بۆ ئاشتی و بەرەوپێشەوە بردنی چارەسەرێکی سیاسیی.
هاوکات هێزە کوردییەکانیش بە هەمان شێوە لە ژێر فشاردان، لە کاتێکدا کە گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەگرن. ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکەکە، هاوکات هەندێک لە کاروانی کوردەکان بەرەو ناوچە پارێزراوترەکان هەڵاتوون. بەڵام هێشتا زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە گیرییان خواردووە، ناتوانن بڕۆن بەهۆی داخرانی شەقامەکان و شەڕەکەوە.
هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەسەد، ڕووسیا و ئێران، بەڵێنییانداوە پشتیوانی لە حکومەتەکەی بکەن بەڵام سەرقاڵی ململانێکانی دیکەن لە ئۆکرانیا و غەززە و لوبنان. گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق داوایان لە بەغداد کردووە لە ڕووی سەربازییەوە دەست وەربداتە شەڕەکەوە و پشتیوانی لە ئەسەد بکات، هۆکاری ئەوەشییان گەڕاندووەتەوە بۆ ئاسایشی ناوچەکە.
نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە زیادبووندان لە کاتێکدا کە هاووڵاتییانی سڤیل ڕووبەڕووی زستانێکی سەخت و توندوتیژییەکی بەردەوام دەبنەوە، هاوکات هیچ ئاماژەیەکیش نیە لەسەر چارەسەرێک بۆ ململانێ درێژخایەنەکەی ناو سوریا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس