Accessibility links

حەماس بە ' ڕۆحێکی ئەرێنییەوە ' بیر لە نوێترین پێشنیاری ئاگربەست لە غەززە دەکاتەوە


حەماس دەڵێت بە " ڕۆحێکی ئەرێنییەوە " بیر لە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست دەکاتەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی دووبارە بونیادنانەوەی کەرتی غەززە هەوڵێکی دەوێت کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە نەبیندرابێت.

دوای چەندین مانگ لە چەق بەستوویی لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا، حەماس ئەمجارە گەشبینی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە نوێترین ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، ئەمەش هیوایەکی خستووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە بەمزووانە ڕێککەوتنێک بکرێت، تەنانەت لە کاتێکدا کە تیمەکانی تەندروستی غەززە ئاماژەیان بەوەدا کە ڕۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی نوێ کراوەتە سەر شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە.

سەرکردەی حەماس ئیسماعیل هەنییە وتی حەماس " بەمزووانە " شاندێک دەنێرێت بۆ میسڕ تاوەکو گفتوگۆکان سەبارەت بە ئاگربەست بە ڕێککەوتنێک تەواو بکەن، ڕێککەوتنێک کە " دان بە داواکارییەکانی گەلەکەماندا بنێت."

ڕۆژی پێنجشەممە ئیسماعیل هەنییەی سەرکردەی سیاسیی حەماس لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە نێوەندگرە قەتەڕیی و میسڕییەکانی وت کە حەماس بە " ڕۆحێکی ئەرێنییەوە " بیر لە پێشنیارەکەی ئیسڕائیل دەکاتەوە بۆ ئاگربەست.

بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕەنگە 80 ساڵی بوێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سەرجەم ئەو خانووانەی کە لە ماوەی نزیکەی حەوت مانگی جەنگەکەدا لە غەززە لە ناوبراون.

بەڕێوبەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتانی عەرەبی عەبدەڵا ئەلدەرداریی لە ئوردن وتی " فراوانیی کاولکارییەکە زۆر گەورەیە و بێپێشینەیە... ئەمە ئەرکێکە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تاوەکو ئێستا نەیبینیوە."

تاوەکو ئێستا تەنها یەک ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە لە جەنگەکەی غەززەدا، ئاگربەستەکەش لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا بوو و ماوەی هەفتەیەکی خایاند، لەو هەفتەیەدا 105 بارمتە ئازادکران، لە بەرامبەریشدا 240 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئازاد کران.

چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە. حەماس لەو هێرشەدا نزیکەی 250 کەسی بە بارمتە گرت و گواستینییەوە بۆ غەززە. ئیسڕائیل پێی وایە تاوەکو ئێستا نزیکەی 129 بارمتە لە غەززە ماونەتەوە.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت ڕەنگە 35 بارمتەیان مردبێتن، یەکێک لەوانەش درۆر ئۆری تەمەن 49 ساڵە. ڕۆژی هەینی حکومەتی ئیسڕائیل مەرگی ئۆری پشتڕاست کردەوە، دووان لەو بارمتانەی کە لە مانگی یانزەدا ئازادکران منداڵی ئۆر بوون.

بەپێی ئەو وردەکارییانەی کە لەلایەن بەڕیتانیاوە بڵاوکراونەتەوە، پێشنیاری ئاگربەستەکە کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت ئاگربەستێکی 40 ڕۆژەیی لە خۆدەگرێت، هەروەها ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان بەرامبەر ئازادکردنی هەزاران زیندانی فەلەستینی لە خۆدەگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە بلینکن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر حەماس لە ڕاستیدا گرنگی بە گەلی فەلەستینی بدات و بیەوێت دەستبەجێ ئازار و ناڵەیان ڕابگرێت، ئەوا بە ڕێککەوتنەکە ڕازی دەبێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG