Accessibility links

حەشدی شەعبی داوای کشانەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەکات


فەلاح ئەل فەیاز
فەلاح ئەل فەیاز

سەرکردەی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران لە عێراق، ڕۆژی یەکشەممە داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کرد لە عێراق، ئەمەش دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا.

فالح ئەل فەیاز لە پرسەی ئەو ئەندامانەی حەشددا کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکادا کوژران وتی " ئۆفیسەکانی بەڕێوبەرایەتییان کردە ئامانج، نەخۆشخانەیەکی حەشدییان کردە ئامانج، لەو هێزانەیاندا کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانییان پێدرابوو."

فەیاز هۆشداریدا و وتی " بە ئامانجکردنی حەشدی شەعبی یاریکردنە بە ئاگر."

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەکانی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە ڕۆژئاوای عێراق، وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە کوشندەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازیی ئەمەریکایی.

حەشدی شەعبی کە بەشێوەیەکی سەرەکی پێکهاتووە لەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات و ئێستاش خراوەتە ژێر چەتری سوپای عێراقەوە، وتی لە هێرشەکانی ڕۆژی هەینیدا 16 چەکداری کوژراون و 36 کەسی دیکە بریندار بوون.

فەیاز وتی " داوا لە سەرۆک وەزیر دەکەین هەرچی لە دەسەڵاتیدا بێت ئەنجامی بدات بۆ بەرگریکردن لە سەروەری خاکی عێراق. ئەمەش تەنها بە دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت لە عێراقدا."

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2014 دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا پێکهێندرا.

ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا نزیکەی 2500 سەربازیی لە عێراقدا هەیە و نزیکەی 900 سەربازی دیکەی لە سوریادا هەیە.

واشنتن و بەغداد دەستییان کردووە بە گفتوگۆکانییان سەبارەت بە داهاتووی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری عێراق چەند جارێک داوای خشتەیەکی کاتی کردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG