شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردوو بەڵگە و دۆکیومێنتەکانی کیمیباران کردنی هەڵەبجەیان لە بەڕێوبەرایەتی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بەسەرکردەوە و ڕایانگەیاند گەلەکەمان لە هەرشوێنێکی دونیا بێت لەبەرامبەر کوردبوونیەتی کە ستەمی لێکراوە ، هەڵەبجە و کیمیبارانکردنی هەڵەبجە هەرگیز لەیاد ناکرێت و داوای پێکەوەیی و یەکڕیزی دەکەین لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا.
مەراڵ داناش ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تاوانی هەڵەبجە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجام دراوە و هەموو جیهانیش ئێستا بۆردومان و لەناوچوونەکانمان دەبینین. ئێمە خۆشحاڵین کە هەڵەبجە دەیان ژنی بەڕێوبەری ئیداری تێدایە، من زۆر دڵتەنگم کاتێک کە وێنەکانم بینی گەڕامەوە بۆ ساڵی 1988، ناهێڵن کە ئێمەی کورد خەمەکانمان لەیاد بکەین ، هەڵەبجە خاک و ناسنامەی ئێمەشە."
د. بەختیار شاوەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "هاتنی ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە بۆ پشتیوانیە بۆ خەم و ژانەکانی هەڵەبجە ، ئەم ئەندام پەرلەمانانە لە تورکیا سەرەڕای پارێز بەندی چەندین جار پەلکێشکراون بۆ زیندان و ئێمە لە هەرشوێنێک بین کوردین و یەک کێشە و یەک گرفتامان هەیە ئێمە لە بەغدا و ئەوانیش لە تورکیا".
مەحمود توغراڵ ئەندامی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند" ئەم زوڵم و زۆرەی لەسەر کوردستان کراوە زۆر جێگەی داخە، ئێمە ئەمڕۆ سەردانی قوباد تاڵەبانیمان کرد پێمان ووت کوردستان چوار پارچە نیە بەڵکو پێنج پارچەیە، ئێمە هیوا دەخوازین گەلی کوردستان یەکێتی خاکی خۆی بپارێزێت و سڵاوی کوردستانی باکوور دەنێرم بۆتان".
لەکۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا و لەوەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا و سەبارەت بەهاتنی شاندەکە هەدەپە لەم کاتەدا کە بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەراڵ داناش ئەندامی پەرلەمانی تورکیاڕایگەیاند"ئێمە پشتیوانی لە هاوپەیمانی کوردستان دەکەین کە لەنێوان یەکیتی نشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا پێکهێنراوە و هەموو پێکەوەبوونێک بۆ یەک دەنگی کورد پێشوازی لێدەکەین".
شاندەکەی هەدەپە سەردانی مەزاری شەهیدانی کیمیبارانی هەڵەبجەیانکرد و تاجە گوڵینەی ڕێز وەفایان لەسەر گڵکۆی شەهیدەکان دانا و وەک خوشیان ئاماژەیان پێکرد لە ڕۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەک دیداری دیکە ئەنجام ئەدەن .