Accessibility links

فایزەر حەبێکی دژ بە کۆرۆنای دروستکردووە کە دەڵێت دەشێت بارودۆخەکە بگۆڕێت


کۆمپانیای دەرمانسازی فایزەر ڕۆژی هەینی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر حەبی کۆڤید-19 بڵاو کردەوە کە دەڵێت ئەم حەبە بەشێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی کە پێویستی بە مانەوەیە لە نەخۆشخانەیە و مردنی بەهۆی ڤایرۆسەکە کەمکردووەتەوە.

ئەم حەبەی فایزەر کە ناوی پاکسلۆڤید (Paxlovid)ە مەترسییەکانی بە ڕێژەی 89% کەمکردووەتەوە کاتێک لە ماوەی سێ ڕۆژ پاش دەستپێکردنی نیشانەکانی کۆڤید-19 دراوە بە نەخۆشەکان.

فایزەر دەڵێت دەستەیەکی شارەزایانی سەربەخۆی کە چاودێری تاقیکردنەوەکان دەکەن پێشنیازی ئەوەیان کردووە قۆناغی لێکۆڵینەوەکە زوو ڕابگیرێت، چونکە سودەکانی حەبەکە بۆ نەخۆشەکان زۆر بەرچاون. کۆمپانیاکە دەڵێت بە نیازە بە زووترین کات زانیارییەکان بخاتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان بۆ ئەوەی پەسەندی بکات تا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکاربهێندرێت.

ئەم حەبی دژە ڤایرۆسە دووهەم حەبی لەم شێوەیەیە کە کاریگەری دژ بە کۆڤید نیشان بدات. لە ئێستادا حەبێکی تری مێرک (Merck ) لە چاوەڕوانی ئەوەدایە لەلایەن ئەو دەزگا فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت، هەرچەندە وادیارە حەبەکەی فایزەر کاریگەری زیاتری نیشان داوە.

ئاڵبەرت بۆرلا، بەڕێوەبەری گشتی فایزەر ڕایگەیاند " هەواڵەکەی ئەمڕۆ بەڕاستی بارودۆخەکە دەگۆڕێت لە هەوڵەکانی جیهاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانکارییەکانی ئەم پەتایە. ئەم زانیارییانە دەریدەخەن حەبەکەی ئێمە، ئەگەر پەسەند بکرێت دەتوانێت ژیانی نەخۆشەکان بپارێزێت، توندی هەوکردنی ڤایرۆسی کۆڤید-19 کەم بکاتەوە و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەکەونە نەخۆشخانە لە 10 یا 9 کەمبکاتەوە."

بە پێی ئەنجامەکانی فایزەر لە لێکۆڵینەوەکەدا کە 1،200 توشبووی کۆرۆنای کە مەترسی زۆریان لەسەر بووە بەشدارییان کردبوو، ئەو کەسانەی حەبەکەی ڤایزەریان وەرگرتبوو زۆر کەمتر پێویستان بووە بچنە نەخۆشخانە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە حەبەکەیان وەرنەگرتبوو.

هیچ کەس لەوانەی کە حەبە ڕاستییەکەیان وەرگرتبوو بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست نەدا، بەڵام لە گروپی ئەوانەی وەک بەشێک لە تاقیکردنەوەکە حەبێکی دیکەیان پێدرابوو 10 کەسیان گیانیان لە دەستداوە.

لە ئێستادا تاکە ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسەکەیە لە پاڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە.

XS
SM
MD
LG