شەوی سێ شەممە كاتژمێر 10 بە كاتی كوردستان لە لایەن ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکرۆزەری ڕەش تەقە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كراوە لە شاری هەولێر وەك ئەندام و پاسەوانانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو دەڵێن چەند فیشەکێکیان بە ئاڕاستەی بینای مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا تەقاندووتەوە بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە .
لەمبارەیەوە فەرهاد مەلا ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند ئێمە هێزێكی سیاسین لە هەرێمی كوردستان و سیاسەتەكانمان ڕۆشنە بۆ خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان و حكومەت و دەوروبەر و ناوچەكەش هیچ شتێكی شاراوەمان نیە دیارە بە ئامانج گرتنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامانج گرتنی خەڵكی كوردستان و بە ئامانج گرتنی ئەو پەری ئارامی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر و ئەو رەوتە ئیسلاحیە میانرەویەیە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە شێوەیەكی دیموكراسی و مەدەنی كارەكانی خوی بەرێ دەكات.
لە لایەكی تر عەمید عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند هیچ تەقەیەك لە بارەگای یەكگرتوو نەكراوە شەقامی سەرەكیە كەسێك بە وەنەوشەك دوو سێ تەقەی بۆ ئاسمان كردووە نەك بۆ بارەگای یەكگرتوو و هیچ بابەتێكی سیاسی نیە و پەیوەندی بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیشەوە نیە.
سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەم تەقەكردنە لە بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هیچ پەیوەندی بەو بارۆدۆخە سیاسیەوە هەیە كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستاندا ململانێیەك لە نێوان حیزبە سیاسیەكاندا دروست بووە.
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر وتی" ئەگەر تەقە بكرێت دەبێت گولە بە بارەگاكەیانەوە بێت، هیچ گولـلەیەك بە بارەگاكەیانەوە نیە هیچ پەیوەندی بە یەكگرتوو نیە خەڵكە سەرخۆش دەبێت بە شەڕ دێت تەقە دەكات ئاساییە بەڵام هیچ پەیوەندی بە یەكگرتوو و سیاسەتەوە نیە.
بەڵام لای خویەوە فەرهاد مەلا ساڵح ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو وتی" تەقەكان بەرەو بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە بوو بەڵام شۆفێرەكە بە توندی لێخوریوە نەیتوانیەوە بیپێكێت و بەسەر بارەگاكەدا بدات بەڵام ئەمە رووەو بارەگای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە بووە وەكو ئەوە لە كامیراكەدا دەردەكەوێت و شاهید حاڵەكانیش لە وێنە و هەروەها پاسەوانەكانی خوشمان لە وێن.
جێی ئاماژەیە لە ماوەكانی رابردوو تەقە لە بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كراوە لە هەڵەبجەی شەهید و چەمچەماڵ .