ئەو هێرشە موشەکیـیەی کرایە سەر شاری هەولێری پایتەخت و دەوروبەری کرادنەوە و نیگەرانیـیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا لەسەر ئاستی ڕای گشتی و ناوچەکە و جیهان.
زیانی گیانی و ماددی لەو هێرشە موشەکیـیە لێکەوتەوە. لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە، کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە، ئۆتۆمبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە رێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن، ئاشکرا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن".
هێرشی ئەو موشەکانە دلەڕاوکێ و ترسی لای بەشێک لە خەڵکی درۆستکرد بەپێی خەڵکی بەڵام هێزە ئەمنیەکان و کاربەدەستە باڵاکانی ناوچەکە دڵنیایی ئارامی شاری هەولێریان بە خەڵکی و هاوڵاتیانیاندا، لە هەولێر لە هەندێک گەڕەک و شوێن قەلەبالغیەکی زۆر وەک ڕۆژانی پێشتر دەبینرێت کەوا هاتۆچوو و گەشت و سەیران و کار و دەوامەکان وەک ڕۆژانی پێشتر ئاساییە و لە بەشێکی شارەکەشدا خەڵکی بە کەمی ڕووی تێدەکەن.
نەوزاد هلوری لە دهوکەوە بۆ گەشت هاتبووە شاری هەولێر لەکاتی ڕووداوەکە خۆی گەیاندبووە شوێنی ڕووداوەکە و دیمەنەکانی بینیوە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی : دوێنی شەو چوومە نزیک ڕووداوەکە لەو کاتەدا کەمێک نا ئارامی لای خەڵک درۆست بوو کە ئەگەر هاتوو دووبارە بێتەوە بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەکان ئەرکی خۆیان کرد و بە زووترین کات توانیان ئاراستەی ئەو موشەکانەیان بدوزنەوە و بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەن، ئێستا ژیانی هەولێر ئاساییە و لەناو بازاڕم و خەڵک بە ئاسایی هاتۆچوو دەکات و هەست بە دڵخوشی و ئارامیەکی زۆر دەکەین چونکە خەڵکی ئێمە لەو موشەکانە ناترسن".
دەچینە نێو بازاڕ و پرسیار لەخەڵکی دەکەین سەبارەت بە ڕەوشی شارەکە و خەڵکی بەگشتی بەهۆی ئەو هێرشە موشەکانەی کە ئاراستەی هەولێر کراون ، فرۆشیارێک وەها باسی کاریگەری ئەو هێرشە موشەکانە و ڕەوشەکە دەکات : پێنج ساڵە لێرە شەربەت دەفرۆشم ئەمڕۆ خەڵک بەکەمی هاتووەتە دەرەوە، لێرە گورانی بۆ خەڵک دەڵێم و ئەوانیش وێنەم لەگەڵ دەگرن بەڵام ئەمرۆ وەکو ڕۆژانی پێشتر نییە و جیاوازی هەیە".
ئازاد تەنیا وێنەکێشە لە دامین قەڵای هەولێر وەک خۆی گووتی 35 ساڵە ئەو کارە دەکات لێی دەپرسین سەبارەت بە رەوش و ئارامی شار و کارەکەیان و کاریگەریەکانی ئەو هێرشانە بەسەر کارو کەسابەت و خەڵکی بەگشتی ئەویش وەها بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت: هیچ کاریگەری بەسەر کارەکەمەوە نەبووە زۆرێک لە خەڵکی هەر نەیانزانیوە، ، لەوانەیە خەڵکی نزیک ڕووداوەکە ترسابێت بەڵام بەو ڕادەیە نییە و زۆریش دەیانگوت ئاگامان لێ نییە، پیاوێک لە دهوک و دوو پیاویش لە کەرکوک دەیانگوت دێنە هەولێر وێنەکانیان دەبەنەوە، هیچ شتێکی وەها نەبووە کە دلەڕاوکێ هەبێت ".
لە لایەکی ترەوە هەر سەبارەت بە ئاراستەکردنی ئەو موشەکانە بۆ شاری هەولێر، بەپێی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هەرچەندە ناحەزان و تیرۆریستان هەوڵی ئازاردانی گەلەکەيان بدەن و بیانەوێ کۆسپ لەسەر رێگەيان دروست بکەن، ئەوان بە ئیرادەیەکی بەهێزتر رووبەڕوویان دەبنەوه".
لەو ڕاگەیەنراوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هاتووە چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیان لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی دیکە برینداربوون. ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە.
جێی باسە تا ئێستا دەزگا ئەمنیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاربەدەستە باڵاکانی هیچ لایەنێکیان بە فەرمی تومەتبار نەکردووە، ئەو موشەکانەی کە ئاراستەی هەولێر کراون یەکێکیان لە دیوارێکی گەڕەکێ نازنازی هەولێر کەوتووە و یەکێکی تریش لە گەڕەکی وەزیران و دوو موشەکیش ئاراستەی نێو فرۆکەخانەی هەولێر کراون و دوو موشەکیش ئاراستەی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر کراون و بەپێی سەرچاوەکان لێکولینەوەکانی دەزگا ئەمنیەکان لەمەڕ ئەو ڕووداوە بەردەوامیان هەیە.