لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، حوسییەکانی یەمەن هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور زیاد کردووە، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە لەسەر کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر بەردەوامیی تێپەڕبوونی نەوت و دانەوێڵە و شتومەکەکانی دیکە بە دەمارێکی سەرەکی بازرگانی جیهاندا کە دەریای سوورە.
ئەو کەشتییانەی کە پەیوەستن بە ئیسڕائیلەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام مەترسییەکە لەسەر بازرگانی زیاتر بووە لە کاتێکدا کە کەشتییە بارهەڵگرەکان و تانکەرەکان کە ئاڵای وڵاتانی وەکو نەرویج و لایبیریایان بەسەرەوەیە هێرشییان کراوەتە سەر یاخود موشەکییان ئاڕاستە کراوە لە کاتێکدا کە بە ڕێڕەوی ئاویی نێوان ئەفریکا و نیمچە دوورگەی عەرەبیدا تێپەڕ دەبن. نزیکەی لە سەدا 10 ی بازرگانی جیهان بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت.
لە ئاماژەیەکدا بۆ فراوانبوونی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر بازرگانی جیهانی، دوای هێرشەکانی ئەم هەفتەیە، مایرسک کە گەورەترین کۆمپانیای بازرگانی دەریاییە لە جیهاندا، ڕۆژی هەینی وتی بەو کەشتییانەی کۆمپانیاکەی وتووە کە بڕیارە بە ڕێڕەوە ئاوییەکەی باشووری دەریای سووردا بڕۆن " گەشتەکانییان ڕابگرن تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە."
کۆمپانیای هاپاگ لوەیدی ئەڵمانی کە ڕۆژی هەینی کەشتییەکی لە دەریای سوور هێرشی کرایە سەر، وتی تاوەکو ڕۆژی دووشەممە سەرجەم کەشتییە بارهەڵگرەکانی لە دەریای سووردا ڕادەگرێت. کۆمپانیای مارینترافیک کە چاودێری جووڵەی کەشتییەکان دەکات، وتی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکان هێشتا بە ناوچەکەدا تێپەڕ دەبن.
کێ هێرش دەکاتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا و بۆچی؟
حوسییەکانی یەمەن لە باکووری یەمەنەوە هەڵمەتێکی چەکدارییان دەستپێکرد و لە ساڵی 2014 دا سەنعای پایتەختی یەمەنییان کۆنتڕۆل کرد و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەکی کرد و دژی حوسییەکان جەنگی، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات.
حوسییەکان ماوە بە ماوە کەشتییەکانی دەریای سوورییان دەکردە ئامانج، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە هێرشەکانییان لەو دەریایەدا زیاتر کردووە.
حوسییەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دژە کەشتییان بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، لە هێرشێکیشدا فڕۆکەی هێلیکۆپتەرییان بەکارهێنا بۆ دەستگرتن بەسەر کەشتییەک و کارمەندەکانیدا، خاوەنی کەشتییەکە ئیسرائیلییەک بوو.
هەروەها هەڕەشەیان لە هەر کەشتییەک کردووە کە باوەڕییان وایە یان ئەوەتا بۆ ئیسڕائیل بچێت یان لە ئیسڕائیلەوە بێت. لە ئێستا ئەوە پەرەی سەندووە بۆ هەر کەشتییەک، لە هەمان کاتیشدا حوسییەکان ئاگاداری دەدەن بە کەشتییەکان و هەوڵ دەدەن ڕازییان بکەن ئاڕاستەکانییان بگۆڕن و نزیک ببنەوە لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستیاندان.
ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت " هێرشە بێ هەژمارەکان کە لەو ناوچانەی یەمەنەوە دێن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندان، مەترسییان لەسەر هاتووچۆی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریایی دروست کردووە، لە پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسای نێودەوڵەتیدا."
دەریای سوور بۆچی گرنگە؟
دەریای سوور لە کۆتایی باکوورەکەیەوە کەناڵی سویسی هەیە لە کۆتایی باشوورەکەیەوە تەنگەی باب ئەلمەندەبی هەیە کە دەچێتەوە سەر کەنداوی عەدەن. ڕێڕەوێکی ئاویی قەرەباڵغە و کەشتییەکان بە کەناڵی سویسدا هاتووچۆ دەکەن بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا.
بەڕێوبەری باڵای ژینگە و بازرگانی ژووری نێودەوڵەتی بازرگانی دەریایی، جۆن ستاوپێرت، دەڵێت بڕێکی زۆر گەورەی وزەی ئەوروپا بە نەوت و سوتەمەنی دیزڵیشەوە، لەو ڕێڕەوەوە دەگوازرێتەوە، کە لە سەدا 80 ی کەشتیگەلی بازرگانی جیهان پێکدەهێنن.
هەروەها خۆراکەکانی وەکو زەیتی خورما و دانەوێڵە و هەر شتێکی دیکە کە بە کەشتی بارهەڵگر بگوازرێتەوە، بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕ دەبێت.
هێرشەکانی حوسییەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر بازرگانی دەبێت؟
هاوبەشی باڵای پەیمانگای نییەر ئیست پۆڵەسی لە واشنتن، نووام ڕایدان، دەڵێت هەندێک لەو کەشتییانەی کە پەیوەستن بە ئیسڕائیلەوە دەستییان کردووە بە گرتنەبەری ڕێڕەوێکی ئاویی درێژتر، لە دەوروبەری ئەفریکا و کەیپ ئۆف گود هۆپەوە. ئەوە گەشتەکەیان درێژتر دەکاتەوە لە 19 ڕۆژەوە بۆ 31 ڕۆژ، ئەوەش بەندە بە خێرایی کەشتییەکەوە، ئەمە دەبێتە هۆی خەرجییەکی زیاتر و دواکەوتنی بارەکانییان.
بازاڕی جیهانی نەوتیش لە ماوەی هێرشەکانی ئەمدواییانەدا کاریگەرییان لەسەر بووە، نرخەکان دابەزیون و بازاڕەکە زیاتر نیگەرانە سەبارەت بە خواستی لاواز لە وڵاتە ئابوورییە گەورەکاندا.
کاریگەرییەکی گەورەی دەستبەجێی هێرشەکانی حوسییەکان لەسەر بازرگانی زیادبوونی نرخی بیمەکان بووە.
بەرپرسی ئەرکەکانی ڤیسڵ پڕۆتێکت کە هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی جەنگ دەکات لە دەریادا و بە پشتیوانی کۆمپانیای لوەید بیمە دەدات، مونرۆ ئاندەرسن، دەڵێت هێرشەکانی ئەمدواییانە زیادبوونی مەترسییەکانی سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور پیشان دەدەن، ئەوەش " بەربەستێکی گەورەیە " بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
وتی " ناجێگیرییەکی زیاتر هەیە ڕووبەڕووی کەشتییە بازرگانییەکان بووەتەوە لە نێو دەریای سووردا و پێدەچێت بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ماوەیەکی کورت بۆ ناوەنددا بەردەوام بێت."
دەیڤد ئۆسلەری ئیدیتەری لیستی هەواڵگری کۆمپانیای لوەید، دەڵێت نرخی بیمەکان بۆ ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا دەڕۆن دوو هێندە بووە، ئەوەش دەتوانێت سەدان هەزاران دۆلار بۆ گەشتی گرانترین کەشتییەکان زیاد بکات. لیستی هەواڵگری لوەید شیکاری دابین دەکات بۆ پیشەسازی هاتووچۆی دەریایی جیهانی.
ئۆسلەر وتی بۆ خاوەن کەشتییە ئیسڕائیلییەکان، نرخەکانی بیمە زۆر زیاتر بوون، لە سەدا 250 زیادییان کردووە، هەندێک لە بیمەداران هەر کاریشییان لەگەڵدا ناکەن.
ئایا حوسییەکان دەتوانن دەریای سوور دابخەن؟
شارەزایان دەڵێن حوسییەکان پێناچێت بتوانن ئەو کارە بکەن. حوسییەکان کەشتی جەنگیی فەڕمی دەریاییان نیە تاوەکو بتوانن تەوقی دەریاکە بدەن، پشتییان بەستووە بە تەقەکردنی بێزارکەر و تەنها یەک هێلیکۆپتەر. هاوکات ئەمەریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان کەشتی جەنگییان لە دەریاکەدا هەیە و چاودێری ناوچەکە دەکەن، ڕێڕەوە ئاوییەکەیان بە کراوەیی هێشتووەتەوە.