هەفتەی ڕابردوو کاتێک حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت هێرشی موشەکییان کردە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە باشووری دەریای سووردا، پرسیارێکی بەپەلەی هێنایە کایەوە: ئایا سوپای ئەمەریکا تۆڵەی ئەو هێرشانە دەکاتەوە؟
حوسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییەکان زیاتر کردووە لە کاتێکدا کە ئەو کەشتییانە بەرەو تەنگەی تەسکی بابوولمەندەب
دەڕۆن. هێزی دەریایی ئەمەریکاش ژمارەیەکی لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە خستووەتە خوارەوە کە بە ئاڕاستەی ئەوان هاتوون، باوەڕیش وایە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەو ناوچانەی یەمەنەوە هەڵدەدرێن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندان.
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمەریکا خۆی بە دوورگرتووە لە تۆڵەی سەربازیی، بە پێچەوانەی عێراق و سوریاوە کە ئەمەریکا چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر گروپە چەکدارییەکانی ناو ئەو دوو وڵاتە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، ئەمەش لە وەڵامی هێرشی گروپە چەکدارییەکاندا بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتەدا.
لە هێرشەکانی حوسییەکاندا هیچ کەس زیانی پێنەگەیشتووە، بەڵام سێ کەشتییەکەی هەفتەی ڕابردوو هەندێک زیانییان بەرکەوتووە. بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن حوسییەکان ڕاستەوخۆ کەشتییەکانی ئەمەریکا یاخود هێزەکانی ئەمەریکایان نەکردووەتە ئامانج.
حوسییەکان کێن و لە یەمەن چی ڕوودەدات؟
لە ساڵی 2014 دا چەکدارانی حوسییەکان لە باکووری وڵاتەکەوە هەڵمەتێکی چەکدارییان دەستپێکرد و سەنعای پایتەختی ئەو وڵاتەیان کۆنتڕۆڵ کرد، بەمەش جەنگێکی وێرانکەر هەڵگیرسا. لە ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەستی وەردایە جەنگەکەی ناو یەمەنەوە و دژی حوسییەکان وەستایەوە، لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات.
جەنگەکەی ناو یەمەن شەڕێکی خوێناوی ناڕاستەوخۆی نێوان سعودیە و ئێران بوو لە ڕێی بریکارەکانییانەوە، جەنگەکە بووە هۆی کەوتنەوەی برسێتی و ئازار و ناڵاندنێکی بەرفراوان لەو وڵاتەدا، کە هەژارترین وڵاتی عەرەبییە. جەنگەکە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150,000 کەس، بە هاووڵاتییانی سڤیل و چەکدارانیشەوە، هەروەها یەکێک لە خراپترین کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتەدا دروست کرد و ئەوەش بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەسی دیکە.
ئاگربەستێک کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر ماوەکەی بەسەرچوو، تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن لایەنەکانی جەنگەکەی ناو یەمەنەوە بەرز ڕاگیراوە. سعودیە و حوسییەکان چەند جارێک زیندانییەکانی نێوانییان ئاڵوگۆڕ کردووە، لە مانگی نۆشدا شاندێکی باڵای حوسییەکان بانگهێشتی گفتوگۆیەکی ئاست بەرزی ئاشتی کرا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی فراوانتری نێوان سعودیە و ئێراندا. لە کاتێکدا هەردوو لایەنەکە باسییان لە "ئەنجامی ئەرێنی " کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاشتییەکی هەمیشەیی نەهاتووەتە ئاراوە.
هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان:
حوسییەکان ماوە بە ماوە کەشتییەکانی ناوچەکەیان کردوەتە ئامانج، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان زیادییان کردووە، دوای هێرشەکەی 17 ی مانگی 10 ش بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە غەززە، هێرشەکانی حوسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کرد. سەرکردەکانی حوسییەکان دەڵێن ئامانجی هێرشەکانییان ئیسڕائیلە.
دوای هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوو، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان جەنەڕاڵ یەحیا ساری وتی حوسییەکان "دەیانەوێت ڕێگری لە جووڵەی کەشتییەکانی ئیسڕائیل بکەن لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا، هەتاوەکو ئەو کاتەی دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل دژی براکانمان لە غەززە دەوەستێت."
یەکێک لەو کەشتییانەی کە ڕۆژی یەکشەممە کرایە ئامانج ناوی یونیتی ئیکسپلۆرەرە و پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە. خاوەنی کەشتییەکە کۆمپانیایەکی بەڕیتانییە کە دان دەیڤد ئونگاریش دەگرێتەوە، ئونگار لە ئیسڕائیل دەژی. ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل دەڵێن ئونگار کوڕی ملیادێرێکی بازرگانی ئیسڕائیلییە بە ناوی ئەبراهام ڕامی ئونگارەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا نەزاندراوە پەیوەندی ئیسڕائیل بە کەشتییەکانی دیکەوە چییە.
هەر لەو ڕۆژەدا کەشتی جەنگی ئەمەریکایی یو ئێس ئێس کارنی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە کە بەرەو کەشتییەکە هاتوون، هەروەها یارمەتی کەشتییە بازرگانییەکانی دیکەشی داوە. ڕۆژی چوارشەممە کەشتی جەنگی ئەمەریکا یو ئێس ئێس مەیسن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە کە بەرەو کەشتییەکە هاتووە.
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ئێستادا ناتوانین بڵێن ئایا کارنی ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بووە یاخود نا."
جێی ئاماژەیە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا 77 جار هێرشییان کراوەتە سەر، ئەمەریکاش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی داونەتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر حوسییەکان.
شیکەرەوان دەڵێن ئەم دوودڵییە ڕەنگدانەوەی هەستیارییە سیاسییەکەیە و لە نیگەرانییە بەرفراوانەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنەوە سەرچاوەی گرتووە لە ئاگربەستە ناجێگیرەکەی ناو یەمەن و ئەوەشی کە جەنگەکەی ناو غەززە پەرە نەسەنێت بە سەرانسەری ناوچەکەدا. کۆشکی سپی دەیەوێت ئاگربەستەکەی ناو یەمەن بپارێزێت و وریایە لەوەدا هەنگاوێک نەنێت کە ببێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی جەنگەکە.
بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییان داوە و دەڵێن کاری سەربازیی بژاردەیەکە و بە دووری نازانین. بەڵام بە ئاشکرا و بە تایبەتیش، بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە جیاوازییەک هەیە لە نێوان هێرشەکانی ناو عێراق و سوریا لەگەڵ هێرشەکانی حوسییەکاندا.
گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت و موشەکی باڵیستیکی مەودا نزیکییان ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمەریکا کردووە لە عێراق و سوریادا. 37 جار لە عێراق و 40 جار لە سوریا. چەندین سەربازی ئەمەریکایی بە سووکی بریندار بوون، بەڵام سەربازەکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانییان.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا ئەمەریکا لە 17 ی مانگی 10 ەوە سێ جار بە هێرشی ئاسمانی لە سوریا تۆڵەی کردووەتەوە، کۆگاکانی چەک و ئەو دامەزراوانەی کردووەتە ئامانج کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارییەکانی دیکەوە. لە کۆتایی مانگی ڕابردووشدا دوای ئەوەی گروپە چەکدارییەکان بۆ یەکەمین جار موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتییان ئاڕاستەی بنکەی ئەل ئەسەد کرد کە میوانداری هێزەکانی ئەمەریکا دەکات، ئەمەریکا لە چەندین شوێنی گروپە چەکدارییەکانیدا لە عێراق.
هاوکات حوسییەکان موشەکییان ئاڕاستەی کەشتییەکانی دەریای سوور کردووە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکییان بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵداوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان ئاڕاستەی کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئیسڕائیل کردووە. مانگی ڕابردوو حوسییەکان دەستییان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئوتومبێلدا گرت کە پەیوەست بوو بە ئیسڕائیلەوە لە دەرەوەی کەنارەکانی یەمەن لە دەریای سوور، تاوەکو ئێستاش کەشتییەکەیان گرتووە. هەروەها موشەکێکی حوسییەکانیش لە نزیک کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکاوە کەوتە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی یارمەتی کەشتییەکی دیکەی سەر بە ئیسڕائیلیدا کە بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن چەند چەکدارێکەوە گیرابوو.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێن کەشتییەکانی هێزی دەریایی وڵاتەکە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەیان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو کەشتییەکان هاتوون، چونکە بە " هەڕەشە " لە قەڵەمدراون. بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەڵێن کەشتییەکان ئامانجی هێرشەکانی حوسییەکان نەبوون.
لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا دەڵێت دەیەوێت ئازادی هاتووچۆ لە دەریاکاندا بپارێزێت. بەڵام کارەکانی حوسییەکان ئاسایشی نێودەوڵەتی دەریایی ناچار کردووە ئاگاداری بدات بەو کەشتییانەی کە بە تەنگەی ب بابوولمەندەبدا دەڕۆن. دەڵێت کەشتییەکان دەبێت بە ڕێڕەوێکدا بڕۆن تاوەکو دەتوانرێت دوور بێت لە ئاوەکانی یەمەنەوە، بە شەو گەشت بکات و نەوەستن، چونکە ئەگەر بوەستن ئەوا دەبنە ئامانجێکی ئاسان.
لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا باسییان لەوە کردووە هێزە دەریاییەکانییان بەکاربهێنن بۆ هاوەڵیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا. نزیکەی 38 وڵات بەشداری لە ئەرکێکی هاوشێوەدا دەکەن لە ناوچەکەدا، ئەرکەکانییان زیاتر ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی دەرەوەی کەناراوەکانی سۆماڵە. بەرپرسان دەبێت لەگەڵ هاوپەیماناندا قسە بکەن لەسەر ئەوەی ئایا کێ دەیەوێت بەشدار بێت لەو ئەرکە نوێیەدا.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن قسەی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی خالید بن سەلماندا کردوو و باسییان لە هەڕەشەکانی حوسییەکان کردووە لەسەر هاتوچۆی دەریایی لە دەریای سووردا و وتی ئەمەریکا دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کاربکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی ڕێڕەوی کەشتییەکان. هاوکات ئەمەریکا سزای دارایی سەپاندووە بەسەر 13 کەس و کۆمپانیادا کە گوایە دەیان ملیۆنان دۆلار لە فرۆشتنی کەلوپەلی ئێرانییەوە بۆ حوسییەکان دابین دەکەن.
سەرچاوە/ AP