دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، حوسییەکان لە 19ی مانگی دەدا چەندین موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازەرگانییەکان لە دەریای سوور چڕتر کردەوە.
ئەمەریکا و بەڕیتانیا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی و دەریاییان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی حوسییەکان لە یەمەن، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریایی سووردا.
شایەتحاڵان لە یەمەن تەقینەوەکانییان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاست کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە بەیاننامەکەی درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممەدا ئاگادارییدا و وتی دوودڵ نابێت لە ئەنجامدانی کاری دیکە ئەگەر پێویست بکات.
حوسییەکان کێن؟
حوسییەکانی یەمەن گرووپێکی چەکداری پەیڕەوانی مەزهەبی زەیدین کە یەکێکە لە مەزهەبەکانی ئایینی شیعە لە ئیسلامدا.
ئەم گرووپە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دروستبوو کە بە گوتەی خۆیان بەرەنگاری گەندەڵییە بەرفەراوانەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری یەمەن ببنەوە.
ناوی ئەو گرووپە لە حوسێن ئەلحوسی دامەزرێنەری ئەم بزووتنەوەیە هاتووە. هەروەها بەخۆیان دەڵێن ئەنساروڵا یان یارانی خودا.
دوای لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، حوسییەکان ئەم دروشمەیان هەڵبژارد، "اڵڵە و ئەکبەر - مردن بۆ ئەمەریکا - مردن بۆ ئیسرائیل - نەفرەت لە جووەکان- سەرکەوتن بۆ ئیسلام".
ئەم گرووپە، وەک حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان، خۆیان وەک بەشێک لە "میحوەری بەرخۆدان" دەزانن کە ئێران لە لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانیان دەکات.
لە کۆتایی ساڵی 2014 دا جەنگی نێوخۆیی لە یەمەن دەستیپێکرد، حوسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنییان کۆنتڕۆڵ کرد. بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانییەوە سەبارەت بە زیادبوونی دەسەڵاتی شیعە لەسەر سنوورەکەی، سعودیە لە مانگی سێی ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی دامەزراند و دەستیوەردایە جەنگەکەی ناو یەمەنەوە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات.
حوسییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی باکوور و ناوچە گەورەکانی ناوەڕاستی یەمەنییان کرد، هاوکات حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەنیش چووە عەدەن.
زیاتر لە ساڵێکە ئارامی گەڕاوەتەوە بۆ یەمەن، ئەوەش بەهۆی هەوڵەکانی ئاشتییەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کرد. سعودیەش لە هەوڵێکدا بۆ دەرچوون لە جەنگەکە دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ حوسییەکاندا.
بەڵام هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل مەترسی سەرهەڵدانەوەی ململانێکەی لەگەڵ سعودیەدا زیاد کردووە.
حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانییان بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی کەشتییەکان لە دەریای سووردا دەرخستنی پشتیوانین بۆ فەلەستینییەکان و حەماس.
هێرشەکانی حوسییەکان بوونەتە هۆی تێکدانی بازرگانی جیهانی، کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی ناچار کردووە ڕێڕەوێکی دوورتر بگرنەبەر بە دەوری ئەفریکای باشووردا، ئەوەش بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشەکانی حوسییەکان بە دووربگرن. گۆڕینی ڕێڕەوە ئاوییەکان خەرجییەکی زیاتری تێدەچێت.
ئەمەریکا دەڵێت ئوستڕاڵیا و بەحرەین و کەنەدا و هۆڵەندا پشتیوانییان لە ئۆپەراسیۆنەکە کردووە دژی حوسییەکان، وتیشی هێرشە ئاسمانییەکان بەشێکن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاتووچۆی ئازادی بازرگانی لە دەریای سووردا، کە ڕێڕەوی سەرەکیی نێوان ئەوروپا و ئاسیایە و لە سەدا 15 ی بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
حوسییەکان پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا دروست کردووە، بەڵام ڕوون نییە پەیوەندییەکانی نێوانییان چەندە قووڵە. هاوپەیمانێتییەکە بە ڕابەرایەتی سعودیە ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پڕچەککردن و مەشقدان بە حوسییەکان، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە. هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە دەشڵێت حیزبوڵای لوبنانیش یارمەتی حوسییەکان دەدات. حیزبوڵا ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
لە کاتێکدا ئێران ستایشی حوسییەکان دەکات وەکو بەشێک لە " بەرەی بەرهەڵستکاران "، شارەزایانی یەمەن دەڵێن حوسییەکان بەپێی ئەجێندایەکی ناوخۆیی ئیش دەکەن. سەرەڕای ئەوەی نزیکایەتییەکی سیاسیی هەیە لە نێوان حوسییەکان لەگەڵ ئێران و حیزبوڵادا، بەڵام حوسییەکان ڕەتی دەکەنەوە بووکەڵەی دەستی ئێران بن و دەڵێن دژی سیستمێکی گەندەڵ شەڕ دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز