ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هەڵسانگاندنی بۆ بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە 100 وڵاتدا کردووە بۆ ساڵی 2021، وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەم ڕێکخراوە دۆخی مافەکانی مرۆڤی تێدا هەڵسەنگاندووە.
ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بە هەندێک لە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤی لە ئێران کردووە و ڕەخنەی خۆی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.
کوشتنی خۆپیشاندەران و پارێزبەندی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و زۆربوونی ژمارەی لەسێدارەدراوان و پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و پێشێلکردنی مافی کەمایەتییەکان و جیاکاری دژی ژنان و خراپی ڕەوشی زیندانەکان و سەرکوتکردنی چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێکن لەو پێشێلکاریانە کە ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەی پێکردوون.
جەهانگیر عەبدوڵاهی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە بارەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤەوە دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی کە هەبوونی هەر جۆرە ڕاپۆرتێک بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکاری مافەکانی مرۆف لە ئێران بە باش دەزانم، بەڵام ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ زۆرێک لەو پێشێلکاریانەی باس نەکردووە، بە تایبەتی لە پەیوەند بە کەمایەتییەکانەوە زۆر شتی باس نەکردووە."
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران هێشتا وەک یەکێک لە وڵاتە یەکەمەکانی جیهانە بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان و ڕاپۆرتەکە دەڵێت لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2021دا بەلایەنی کەمەوە 254 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون کە هەندێکیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.
عەبدوڵاهی دەڵێت " یەکێک لە کێشەکانی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە بە دروستی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو ژمارەیە لە سێدارەدانەکان زیاتر لە کام بەشی ئێراندا ڕوویان داوە." و گوتیشی "بە پێی ئەو ئامارانەی کە ڕێکخراوەکەی ئەوان وەک کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆیان کردوەتەوە، لە ماوەی ساڵی 2021 دا 45 لەو کەسانەی کە لە ئێراندا لە سێدارەدراون، لە شار و ناوچە کوردییەکانی ئێراندا بوون، ئەمە جگە لەو ژمارانەی کە لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدا گیانیان لەدەستداوە یان تیرۆر کراون."
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ بە درۆ و لایەنگرانە وەسف دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو حکومەتە ڕێگە بە هیچ کام لەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە نادات کە گەشت بکەن بۆ ئێران بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پێداچوونەوە بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بکەن.
عەبدوڵاهی دەڵێت "ڕاپۆرتەکەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ پیشاندەری ئەوەیە کە ئەم ڕێکخراوە جیهانییە نەیتوانیوە بە دروستی و ئاسانی دەستی بە سەرچاوەکان بگات بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری زۆرتر لە بارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێران." ئەو گوتیشی " ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێران ڕێگە بە چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ نادات کە سەردانی ئەو وڵاتە بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخ و ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا."
لە کۆتایی ئەم گفتوگۆیەدا لە بارەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، عەبدوڵاهی دەڵێت هەرچەندە لە هەندێک دۆسیەدا، ئاشکراکردن و باسکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ توانیویەتی هەندێک سزا هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بە گشتی چونکە پرسی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام قوربانی پرسی دارایی و سیاسی دەبێت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش دەسەڵات و توانایی جێبەجێکردنیان نییە زۆر جار ڕاپۆرتەکان ناتوانن کاریگەر بن لە کەمکردنەوەی پێشێلکارییە مرۆییەکاندا لە وڵاتی ئێران.