Accessibility links

سەدان کۆچبەر لە کاروانێکی نوێدا لە باشوری مەکسیکەوە بەرەو سنوری ئەمەریکا دەڕۆن


کاروانی کۆچبەران، مەکسیک
کاروانی کۆچبەران، مەکسیک

سەدان کۆچبەر لە چەندین وڵاتەوە ڕۆژی یەکشەممە بە پێ سنووری باشووری مەکسیکییان جێهێشت، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن بگەنە سنووری ئەمەریکا.

هەندێک لە ئەندامانی کاروانەکە وتییان هیوادارن پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەی ئەمەریکا بگەنە سەر سنووری ئەمەریکا، چونکە لەوە دەترسن ئەگەر دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت ئەوا بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات بۆ داخستنی سنوورەکە بەڕووی کۆچبەراندا.

میگێل سالازار کە کۆچبەرێکی خەڵکی ئێل سالڤادۆرە، دەڵێت " لەوە دەترسین مۆڵەتەکانی تێپەڕبوون بە سنوورەکەدا ڕابگیرێن." ئاماژەی بەوەدا بەڕێوبەرایەتییەکی نوێی ترامپ ڕەنگە مۆڵەتی چاوپێککەوتنەکان ڕابگرێت کە کۆچبەران لە ڕێی ئەپی CBP One ەوە داوای دەکەن، ئەو ئەپە لەلایەن کۆچبەرانەوە بەکاردەهێندرێت بۆ هاتنە ناو ئەمەریکاوە بە شێوەیەکی یاسایی، ئەوەش لە ڕێی وەرگرتنی ڕۆژێکەوە بۆ چاوپێککەوتن لە بنکەکانی سەر سنووری ئەمەریکا، کە لەوێ دۆسییەکانییان بۆ بەرپرسانی سنوورەکە دەخەنە ڕوو.

ئەپەکە تەنها لە کاتێکدا کار دەکات کاتێک کۆچبەرەکان دەگەنە شاری مەکسیکۆ سیتی، یاخود ویلایەتەکانی باکووری مەکسیک.

سالازاری تەمەن 37 ساڵ وتی " هەمووان دەیانەوێت ئەو ڕێگەیە بەکاربهێنن."

کۆچبەرەکان ڕۆژی یەکشەممە شارۆچکەی سیوداد هیداڵگۆی باشووری مەکسیکییان جێهێشت، کە دەکەوێتە تەنیشت ڕووبارێکەوە کە سنووری نێوان مەکسیک و گواتیمالا دیاری دەکات.

هەندێکییان وتییان چەندین هەفتەیە لە سیوداد هیداڵگۆ چاوەڕێی مۆڵەت دەکەن بۆ گەشت کردن بۆ شارەکانی باکووری مەکسیک.

ئەو کۆچبەرانەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەوڵییانداوە بە مەکسیکدا تێپەڕ ببن گروپی کاروانی گەورەیان ڕێکخستووە لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هێرشکردنە سەرییان لەلایەن چەتەکانەوە یاخود مەترسی ڕاگرتنییان لەلایەن بەرپرسانی کۆچی مەکسیکەوە لە کاتێکدا کە گەشت دەکەن. بەڵام کاروانەکان لە باشووری مەکسیک جیادەبنەوە، چونکە خەڵکەکە هیلاک دەبن بە بڕینی سەدان کیلۆمەتر بە پێ.

لەمدواییانەدا مەکسیک گەیشتنی کۆچبەرانی بۆ سنووری ئەمەریکا بە پاس و شەمەندەفەر قورستر کردووە.

مۆڵەتەکانی گەشتکردن بە دەگمەن دەدرێن بەو کۆچبەرانەی کە بەبێ ڤیزا دێنە ناو مەکسیکەوە و هەزاران کۆچبەریش لەلایەن ئەفسەرانی کۆچەوە لە خاڵەکانی پشکنین لە ناوەڕاست و باکووری مەکسیک دەستبەسەر دەکرێن و دواتر بە پاس ڕەوانەی شارەکانی باشووری وڵاتەکە دەکرێنەوە.

ئۆسواڵدۆ ڕینای تەمەن 55 ساڵ کە کۆچبەرێکی کوباییە، 45 ڕۆژ لەمەوبەر لە گواتیمالاوە پەڕیوەتەوە بۆ مەکسیک و لە سیوداد هیداڵگۆ چاوەڕێی کردووە تاوەکو پەیوەندی بکات بە کاروانێکی نوێوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیەندراوە.

ڕینا ڕەخنەی لە لێدوانەکانی ئەمدواییانەی ترامپ گرتووە سەبارەت بە کۆچبەران و لەسەر چۆنێتی هەوڵدانییان بۆ " داگیرکردنی " ئەمەریکا.

ڕینا وتی " ئێمە تاوانبار نین. ئێمە کەسانێکین کە ماندوونەناسانە کاردەکەین و وڵاتی خۆمان جێهێشتووە تاوەکو لە ژیاندا پێش بکەوین، چونکە لە وڵاتانی خۆماندا دەناڵێنین بە دەست کەمی زۆرێک لە پێویستییەکانمانەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG