Accessibility links

زریانی هێلین لە ئەمەریکا 40 کەس دەکوژێت و لافاوێکی گەورە دروست دەکات


درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە زریانی هێلین گەیشتە فلۆریدا بە پلەی 4 ی زریانەکان. کاریگەرییە زیانبەخشەکانی نەک تەنها لە فلۆریدا هەستی پێکراوە بەڵکو لە ویلایەتی جیۆرجیا و نۆرث کارۆلاینا و تێنێسیشەوە هەستی پێکراوە کە سەدان میل لە فلۆریداوە دوورن. لانیکەم 40 کەس بەهۆی زریانی هێلینەوە گیانییان لە دەستداوە.

ناوەندی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمەریکا لە دوایین ئاگاداریدا وتی " هێلین هێشتا لافاویی ڕووخێنەر و مێژوویی دروست دەکات لە باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ئاپالاچیانسەوە."

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی فریاگوزاری بەپەلەی فلۆریدا کێڤن گوثری وتی " لێتان دەپاڕێمەوە مەچنە دەرەوە. لەو ناوچانەدا کە زریانەکە کاری تێکردوون 1500 کارمەندی گەڕان و فریاگوزاریمان هەیە. تکایە دوورکەونەوە تاوەکو کارەکەی خۆمان بکەین."

زریانەکە دەکرێت ببێتە هۆی بارینی 15 بۆ 30 سم لە باران، کۆی گشتی باران بارینەکە دەگاتە 51 سم.

ناوەندەکە وتی " ئەم باران بارینە دەبێتە هۆی لافاوێکی کارەساتاویی و مەترسیدار و ئاوی ڕووبارەکانیش زیاد دەبن و دەبن بە لافاو. پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە هەرەسهێنانی زەوی ڕووبدات لە ناوچە سەختەکانی باشووری ئاپالاچییاندا."

هەروەها هۆشداریشیدا لەسەر ئەگەری ڕوودانی تۆرنادۆ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ساوث کارۆلاینا و ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی نۆرث کارۆلاینا و باشووری ڤێرجینیا.

نزیکەی 4 ملیۆن ماڵ و کار بەبێ کارەبا ماونەتەوە، ئۆفیسی سەرۆکی پۆلیسی شارۆچکەی سیتروسی فلۆریدا ناچار بوو هۆشدارییەک لە فەیسبووک بڵاوبکاتەوە و وتی " ئەگەر گیرت خواردووە و پێویستت بە یارمەتییە، تکایە داوای کارمەندانی فریاگوزاری بکە، هەوڵ مەدە خۆت بە ئاوی لافاوەکەدا بپەڕیتەوە."

چەندین نەخۆشخانە لە باشووری جۆرجیا و نەخۆشخانەیەک لە تێنێسی داخراون.

لە پێری فلۆریدا دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس وتی هێلین سەقفێکی نوێی کڵێسایەکی تێکشکاندووە، کە ساڵی ڕابردوو دوای زریانی ئیدالیا ئەو سەقفە نوێیە بۆ کڵێساکە دروستکراوە.

بەرپرسان هۆشدارییان داوە بە خەڵک و پێیان وتوون ئەگەر چوونە دەرەوە ئەوا ئەگەری زۆرە لە ئاوی لافاوەکەدا وایەری کارەبا و پاشماوەیان بەرچاو دەکەوێت، بە ئاوەڕۆ و پارچەی تیژیشیەوە.

بەرپرسان داوایان لە خەڵکەکە کرد پێش گەیشتنی زریانی هێلین شوێنەکانییان چۆڵ بکەن. سەرۆک پۆلیسێک ئاگادارییەکی شوومی بڵاوکردەوە بۆ ئەو خەڵکانەی کە داواکانی چۆڵکردنییان پشتگوێ خستبوو. داوای لێکردن ناو و ڕۆژی لە دایکبوون و زانیاریی تایبەت بەخۆیان بە مرەکەب لەسەر قۆڵییان بنووسن " بۆ ئەوەی کاتێک کە ڕزگارت نەبوو خێزان و کەسوکارەکەت بتوانن بتناسنەوە."

بەڕێوبەری ناوەندی نیشتیمانی زریانەکانی ئەمەریکا مایکڵ برێنان وتی " ڕزگاربوون نیە " لە زیادبوونی توندی زریانی هێلین.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG