Accessibility links

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی داوای ناوچەیەکی ئاسایش دەکات لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا


دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی داوای کرد شەڕەکان ڕابگیرێن و ناوچەیەکی ئاسایش لە دەوروبەری وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دابمەزرێندرێت، گوتی تیمەکەی زیانێکی بەرفراوانییان لە وێستگەکەدا بینیوە کە دەکەوێتە بەردەم بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

ڕاپۆرتەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەرکەکەیان لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا، باسی لەوە نەکردووە کێ بەرپرسە لەو زیانانەی کە بەر وێستگەکە کەوتوون، کە ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە و دەوروبەری. بەڵام وتی ڕەوشەکەی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا ناجێگیرە و ئەگەر شەڕەکە نەوەستێت ئەوا مەترسی ڕوودانی کارەسات دەبێت.

دەزگاکە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت " لە کاتێکدا کە بۆردومانەکان تاوەکو ئێستا نەبوونەتە هۆی ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی، بەڵام بەردەوام هەڕەشەیەکن بۆ سەر پارێزراوی و ئاسایشی ناوەکی و ئەگەری هەیە کاربکەنە سەر سیستمەکانی پارێزراوی کە ڕەنگە ببنە هۆی تیشکدانەوە."

گوتیشی " دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی پێشنیاری ئەوە دەکات دەستبەجێ بۆردومانکردنی وێستگەکە و دەوروبەری وێستگەکە ڕابگیرێن تاوەکو زیانی زیاتر بە وێستگەکە و دامەزراوە پەیوەندییدارەکانی نەگات. ئەمەش پێویستی بە ڕێکەوتنێکی لایەنە پەیوەندییدارەکانەوە هەیە تاوەکو ناوچەیەکی پاراستنی ئاسایش و پارێزراوی ناوەکی دابمەزرێنن."

پشکنەرانی دەزگاکە گوتیان هێزەکانی ڕووسیا و کەلوپەلی سەربازییان لە وێستگەکەدا بینیوە، لەوانەش ئوتومبێلی سەربازیی کە لە هۆڵی تۆرباینەکاندا ڕاگیرابوون. مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە وێستگەکەی وەکو قەڵغانێک بەکارهێنا بێت بۆ هێزەکانی، بەڵام دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا پاسەوانی وێستگەکە دەکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت " ئەو کارمەندە ئۆکرانییانەی کە لە وێستگەکەدا و لەژێر داگیرکاریی سوپای ڕووسیادا کاردەکەن هەمیشە لەژێر فشارێکی زۆردان، بەتایبەتی بەو ژمارە سنووردارەی کارمەندەکان. ئەمە ڕەوشێکی ناجێگیرە و ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی هەڵەی مرۆیی و دروستکردنی کێشە بۆ پارێزراوی ناوەکی."

هەفتەی ڕابردوو تیمێکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی سەرۆکی دەزگاکە ڕافایل گرۆسی سەردانی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژایان کرد. دوو ئەندامی تیمەکە لە وێستگەکەدا ماونەتەوە تاوەکو بوونی دەزگاکە لە وێستگەکەدا بەشێوەیەکی هەمیشەیی بێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG