شەنگال دەکەوێتە پارێزگاى نەینەوا و 140 كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و هەڵکەوتەکەشى لە نێوان سنووری پارێزگاى حەسەکەی ڕۆژئاواى کوردستان و بەشى باکوورى ڕۆژئاوای پارێزگاى نەینەوایە.
چەکدارانی داعش لە 10 ی حوزەیرانى ساڵى 2014 شارى موسڵیان کۆنترۆڵکرد. دوابەدواى کۆنترۆڵ کردنى موسڵ لە 3ی ئابی 2014 دا هێرشیان کردە سەر شەنگال. چەکدارانى داعش لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر شەنگال شەش هەزار و 528 هاوڵاتیى ئێزیدییان کۆمەڵکوژ کرد و زۆربەى ئەو کەسانەیان لە 40 گۆڕى بە کۆمەڵدا لە شەنگال و دەورووبەریدا شاردووەتەوە.
هەروەها زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتیى تری ئێزیدییان فڕاند، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەو ژمارەیە زیاتر لە 2 هەزار و 820 ژن و کچ ڕزگارکراون، بهڵام هیشتا زیاتر لە 3 هەزار و 200 کچ و ژنی ئێزدیی لهژێر دهستی چەکدارەکانى داعشدان. چەکدارەکانى داعش توندوتیژیى زۆریان بەرامبەر بە هاوڵاتییە فڕێندراوە ئێزدییەکان ئەنجامداوە و لە بازاڕەکاندا بازرگانییان پێوەکردوون و وەک سەبایا و غەنیمە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.
پەلامارى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر شەنگال بووە هۆى ئاوارەبوونى زیاتر لە 400 هەزار ئێزیدی. ئێزیدییەکان پەنایان بردە چیاى شەنگال و لەلایەن شەڕڤانانى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) و یەکینەکانى بەرخودانى شەنگال (یەبەشە)وە سێ ڕێڕەوى ئارام بۆ گواستنەوەى هاوڵاتییانى ئێزیدى بەرەو ڕۆژئاواى کوردستان کرایەوە و زیاتر لە 150 هەزار هاوڵاتییان گواستەوە بۆ ناوچە ئارامەکانى ڕۆژئاواى کوردستان.
بەڵام هێشتا یەزیدییەکانی شەنگال نەیانتوانیوە بگەرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە، تا ئێستا زوربەی هەرەزۆری ئەو سەدان هەزار یەزیدییە هەر ئاوارەن.
ئاسۆ جەبار بۆ هەڵدانەوەی خەمی گەورەی یەزیدییەکان لە ئێستادا وتوێژێکی لەگەڵ دکتۆر میرزا دیناییدا سازکردووە....
میرزا دینایی دەڵێت "هەرچەند دنیا ئاگاداری کارەساتی جینۆسایدی یەزیدییەکان بوو، بەڵام ئێمە دەبینین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر کەمتەرخەم بوون بەرامبەر ئەو خەڵکە."
دەشڵێت "شەنگال بۆتە گۆڕەپانی ململانێی حیزبی." هەروەها "ئێمە قوربانی نێوان تورکیا و ئێرانین." هاوکات "بەداخەوە دیارە ئێمە قوربانی ئەو ململانێ سیاسییە هەرێمییەیەن."
دکتۆر میرزا داوایەک لەکۆمەڵگەی دەکات و دەڵێت "داخوازییەکانی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە رێخۆشبکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی خەڵک و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان....بەڵام بەداخەوە دیارە دەنگمان نابیسترێت."
دەشڵێت "عێراق لەوکاتەدا هیچ ئاسانکارییەکی بۆ یەزیدییەکان نەکرد."
دکتلۆر میرزا دەڵێت "بەداخەوە لەسەر ئاست عێراق بە فەرمی نە مەحکەمە نە پەرلەمان کارەسای یەزیدییەکنیان بە جینۆساید نەناساندووە."