پاش هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی خۆپیشاندانی 18 مانگی دوازدەو 17 شوباتی ساڵانی رابردوو ژمارەیەک قوربانی لێکەوتنەوە، ئاکامەکەی کپ بونەوەو مانەوەی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە بووە وەکو خۆی. ئایا خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ئاکامیکی بووە؟ لەم وتویژە لەگەڵ سەرنوسەری رۆژنامەی ئاوێنە سەردار موحەمەد باس لەوە دەکات ئەگەر ئاکامی گەورەشی نەبوبێت "راچەنینێک لە نێو ئەو دوو پارتەدا دەخاتەوە کە هەرێمی کوردستانیان بەدەستەوەیە".
لای سەردار ئەو دوو حیزبە پارتی ویەکێتی ئەستەمە بەو شیوەیە دەستیان لەدەسەڵات ببێتەوە، دەشڵێت "تووشی نوخبەیەکی سەربازی هاتووین دەستیان بە پۆست و پلە و پایە و سەرمایە گەیشتووە، ئەستەمە لە خەونیشدا بیریان لێ کردبێتەوە، مانەوەیان ودوور کەوتنەوە لە هەر بەرپرسیاری و لێپێچینەوەیەکیان بەندە بەو دەسەڵاتەی بەدەستیانەوەیە، لەبەر ئەوە زەحمەتە دەست بەرداری بن".
لە بەشێکی تری وتوێژەکە باس لەوە کراوە بۆچی لە زۆنی زەرد کە پارتی لێی بەرپرسیارە خۆپیشاندانی هاوشێوەی پارێزگای سلێمانی ناکرێت، هەروەها لەسەر ئەو حکومەتەی کە نەیتوانیوە لە ئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا بێت، ئەو هۆکاری ئەو لاوازییە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە"هێزی چەکدار لای حیزب و کەسە سەربازییەکانە، لەبەر ئەوە حکومەتی هەرێم حکومەتیکی لاوازبووە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، هاوشێوەی نییە لە تەواوی دنیادا."
کوردستان لەبەردەم ئەگەری هەڵبژاردندایە، ئەو نوسەرە پێی وایە ئەگەر حکومەتی هەرێم هەر چاکسازییەکیش بکات دەیەوێت لەبەر بەدەست هێنانی دەنگی زیاتر والە خەڵک بکات دەنگیان پێ بدەنەوە.