جیهان تەنها سەرقاڵی فریاکەوتنی قوربانییەکانن، بەڵام هۆکارە نادیارەکانی و سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە تا ئەم سەروەختە نادیار و ناشرۆڤەکراوە لەلایەن زانا و شارەزایانەوە. تەنها یەک ولایەتی ئەمریکا کە نیویۆرکە لەهەموو وڵاتانی جیهان توشبووی ڤایرۆسەکە تیادا زیاترە و رێژەی مردووانیش خێرایە. هاوکات وڵاتانی ئەوروپاش هەردوا بە دوای وڵاتی چین بە خێرایی ئەو ڤایرۆسە تیادا بڵاوبۆوەو هەندێک لەو وڵاتانە بەتایبەتی ئیتالیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا پلەبەندی وڵاتی چینیان بەجێهێشت بەرادەیەک چاوەڕوانی وڵاتی چین دەکەن یارمەتیان بدات و دەمامک و پێداویستی پزیشکیان بۆ دابینبکات.
سەبارەت بە تایبەتمەندی ڤایرۆسەکەو هێزی خێرای بڵاوبوونەوەو قوربانییەکانی و رەوشی نەخۆشخانەو پلانەکانی ولایەتی کالیفۆرنیا بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ یەکێک لەبەرێوبەرەکانی هۆبەی بایەخدانی چڕ بە نەخۆشییەکان لە نەخۆشخانەی شارپ گرۆسمۆنت لە سانتیاگۆ لە کالیفۆرنیا دکتۆر بەرزان موحێدین دا سازکردووە....
دکتۆر بەرزان دەڵێت "لەکالیفۆرنیا توشبوانی ڤایرۆسی کرۆنا کۆنترۆڵکراوە."
دەشڵێت بەڵام لە شاری لۆسئەنجلوس ژمارەی نەخۆشەکان بەرزدەنەوە.
سەبارەت بە ئامادەگی جیهان و ئەمریکا دەڵێت "لەڕاستیدا هەموو جیهان و ئەمریکا ئامادەنەبوون بۆ ڤایرۆسی کرۆنا."
سەبارەت بە پێداویستییە پزیشکییەکانیش دەڵێت "کارمەند و دکتۆرەکان زۆر پێویستیان بە ماسکی تایبەت هەیە بە ناچاری لەدەرەوەی نەخۆشخانە بە دوای جۆرەکانی دیکەی ماسکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن."
سەبارەت بە مەترسی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش دەڵێت "ئەم ڤایرۆسە زۆر بە ئاسانی بڵاوبۆوە و دەبوایە زوو فریا بکەوتنایەو نەیانهێشتایا ئاوا تەشەنەی بکردایە."
سەبارەت بە تایبەتمەندی ڤایرۆسەکەش د. بەرزان موحێدین دەڵێت "ئەم ڤایرۆسە تازەیەو لەوەوپێش توێژینەوەی لەسەرنەکراوە." و "دکتۆرەکان و توێژەرەوەکانی جیهان لەم ڤایرۆسە تێناگەن."
دەشڵێت "پێوستە سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە بدۆزرێتەوە؛ بۆ ئەوەی بزانن لەکوێوە هاتووە."
سەبارەت بە دەرمان و چارەسەر دکتۆر بەرزان دەڵێت "لەڕاستیدا لە ئێستادا هیچ چارەسەرییەک نیە بۆ ئەم ڤایرۆسە" دەشڵێت "زۆرکات ئێمە دەرمان بەکاردەهێنین لەناچاریدا هەندێک دەرمان بەکاردەهێنین چونکە تاقیکراونەتەوە لەدەرەوەی جەستەی مرۆڤ دەتوانێت ئەم ڤایرۆسە بکوژێت..."
هەر لەوبارەیەوە دکتۆر بەرزان دەشڵێت "من لەوباوەڕەدام لە سێ مانگ بۆ شەش مانگی داهاتوو ئەمریکا دەرمانی چارەسەری ڤایرۆسی کرۆنا بدۆزێتەوە.."
بەڵام دەشڵێت ئەمریکا دەستی سەرجەم کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان و چارەسەری واڵاکردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەرمانی چارەسەر بدۆزنەوە بۆ ئەم ڤایرۆسە.