پاش ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا، دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە و سزای قورسی ئابووریشی رووبەڕووی ئەو وڵاتە کردەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆزتر بوون و دۆخی ئێرانیش بەرەو خراپتربوون ڕۆیشتوە.
لەم دواییانەشدا کۆشتنی موحسێن فەخریزادە، جێگری وەزیری بەرگری ئێران و ئەندامی باڵای سوپای پاسداران کە دەوترێت ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێراندا، کێشەکانی ئەو وڵاتەی بەرەوە ئاڵۆزتر بوون بردووە.
سەرەتای ئەم مانگەش پارلمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد بۆ کۆتاییهێنان بە پشکنینی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دامەزراوە ناوکییەکانی و داواشی لە حکومەت کرد کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە ئەگەر بێتو ڕۆژئاوا بە پێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 گەمارۆ نەوتی و بانکیەکانیان لە سەر ئێران لانەبات، پرۆژەکە لە لایەن شورای نیگهبانەوە پەسەند کراوە و دەوترێ حکومەت ناچارە جێبەجێی بکات.
بێگومان هەڵوێستی ئەمەریکا بە گشتی بەرامبەر ئێران هەڵوێستێکی ڕوونە، ڕێکەوتنێک کە ئیدارەی ئۆباما بۆ مەسەلەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران قەبووڵی بوو، حکومەتی ترامپ هەڵیوەشاندەوە، هەڵوێستی بایدن سەبارەت بە ڕێکەتنە ناوەکییەکەی ئێران چییە؟ ئاخۆ جارێکی تر دەگەڕێینەوە سەر هەمان ڕێککەوتنە کۆنەکە، یان بایدن هەمان خەتی توندوتیژ دژ بە ئێران دەگرێتە بەر وەک ترامپ؟
ئێران ئێستا لە دۆخێکدا نییە کە زۆر لە خۆی دڵنیابێت، ئەمە چەندین جارە گورزی کوشندە لە ئێران دەدرێت و پێدەچێت دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل جێپێیەکی بەهێزیان لە ناوەوە داکوتابێت و دەستیان بگاتە زۆر شوێن و زۆر نهێنی کە ئێرانییەکان خەیاڵیان بۆی ناچێت، ئەم دۆخە لە بری ئەوەی پاڵ بە ئێرانەوە بنێت هێمنتر بیربکاتەوە، وایکردوە گووتاری سیاسی فەرمانڕەوایانی تاران توندتر بێت، وەک ئەو پرۆژە یاسایەی کە لەم دوایانەدا پارلمانی ئێران دەری کرد، ئاخۆ ئەمە هەر نمایشێک و پڕوپاگەندەیەکی سیاسییە، یان ئێران بە ڕاستی دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ خۆرئاوا بە گشتی قووڵتر بکاتەوە؟
کاتێک ترامپ لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، زۆربەی دەوڵەتەکانی نێو یەکێتی ئەوروپا دژی ئیدارەی ترامپ وەستانەوە و هەوڵی بە زیندوو ڕاگرتنی ڕێکەوتنەکەیان دا، بەڵام گەر ئێران دەستبکاتەە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و دەزگا ئەتۆمییەکانی لە ژێر چاودێری وەدەربهێنێت، ئایا سیاسەتی ئەوروپا هەر بە هەمان شێوە دەبێت؟ سیاسەتی ئەوروپی بەرامبەر ئێران ناڕوون و موحافیزەکارانەیە، پەرچەکرداری ئەوروپییەکان چی دەبێت گەر ئێرانیش دەست لە ڕێکەوتنەکە هەڵبگرێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەفراو نوری لە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردییەوە لەگەڵ دکتور ڕامین مەفاخێری، مامۆستای زانکۆ لە بەشی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە بەریتانیاوە وتووێژی کردوە.