پلانێکی شکستخواردووی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس کە کار بۆ کەناڵێکی ئێرانی دەکەن لە لەندەن، سەنگەکانی نوێکردەوە لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە حکومەتەکەی ئێران ئامادەیە بیانگرێتەبەر بۆ بە ئامانجکردنی ڕەخنەگرانی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێران، واتە لە دەرەوەی ئێران.
وردەکاری پلانگێڕییەکە کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕۆژنامەی ئای تی ڤی نیوزەوە ئاشکرا کرا، تێیدا پلان هەبووە بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنووسان سیما سابەت و فەرداد فەرهزاد.
جێسیکا وایت کە توێژینەوە لە سەرکوتکاری نێودەوڵەتی دەکات لە گروپی توێژینەوەی فریدەم هاوس، دەڵێت " وردەکارییەکان وەبیرهێنانەوەیەکی سەرسوڕهێنەرن لەسەر ئەو مەودا نەگریسەی کە ڕژێمی ئێران ئامادەیە بیبڕێت بۆ بێدەنگکردنی ئەو ڕاپۆرتکردنە هەستیارانەی کە لە دەرەوە دەکرێن."
وایت لە لەندەن بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕووماڵی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، نابێت لە ترسی خۆیان و خێزانەکانییان بژین و کاربکەن."
وایت نوسەری ڕاپۆرتێکی مانگی دوانزەیە کە تێیدا لانیکەم 26 حکومەتی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە پڕۆسەیەکدا کە بە سەرکوتکاری نێودەوڵەتی ناسراوە لە دەرەوەی وڵاتانی خۆیان ڕۆژنامەنووسانیان کردووەتە ئامانج.
لە نێو ئەو دۆسییانەدا کە فریدەم هاوس بەشدارە تێیاندا دۆسییەی بەهرانگ تاجدینە، کە ڕۆژنامەنووسێکی فارسی بی بی سییە و چەندین ساڵە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە و بێزارکردنەکاندا دەکات. تاجدین بە گروپی توێژینەوە فریدەم هاوسی وت هێرشەکان " لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئێجگار سەخت بوون، بە تایبەتی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبوو جگە لەوەی باسی بکەین، ئاماژەی پێبدەین."
وتیشی نیگەرانی ئەو کەسوکارەیەتی کە هێشتا لە ئێرانن، کە ڕەنگە بکەونە ژێر فشارەوە بەهۆی کارەکانی ئەمەوە.
لە دۆسییەیەکی دیکەی ئەمدواییانەدا لە لەندەن، سیما سابەت کە پێشکەشکارێکی پێشووی کەناڵی هەواڵی ئێران ئینتەرناشناڵ بووە لە لەندەن و هاوکارەکەی فەرەهزاد، پلانگێڕییەکەی دژییان سەرەتا لەلایەن ئای تی ڤی نیوزەوە ئاشکرا کرا.
کەناڵە بەڕیتانییەکە وتی سوپای پاسدارانی ئێران لە پشت پلانگێڕییەکەوە بوون.
لە ماوەی پایزی ساڵی 2022 دا، سیخوڕە ئێرانییەکان پلانییان داڕشت بۆ هێرشکردنە سەر کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ لە لەندەن، لە ڕێی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە. سەرەتا ویستییان پێنج بۆ شەش کارمەندی کەناڵەکە بکوژن، بەڵام دواتر بڕیاریانداوە لە ڕێی هێرشێکەوە بە چەقۆ تەنها سابەت و فەرەهزاد بکوژن.
سیخوڕەکان سابەتییان بە " بووک " و فەرەهزاد بە " زاوا " ناوبردووە، تیرۆرکردنەکەش بە " ئاهەنگی هاوسەرگیری " ناوبراوە.
وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن سەعید مەهدی حوسەین مەتین ڕاپۆرتەکەی ڕەت کردەوە و وتی " بێ بنەمایە."
سابەت بە دەنگی ئەمەریکای بەشی فارسی وت " ئەگەر کاریگەر نەبوومایە ئەوا نەدەکرامە ئامانج. دەمزانی کە ئێمە دژی ڕژێمێک وەستاوینەتەوە کە دان بە بێلایەنیدا نانێت."
دواجار پلانەکە لەلایەن قاچاخچییەکەوە کە دواتر بریکارێکی سیخوڕی دەرچوو پووچەڵ کرایەوە، سیخوڕەکان 200,000 دۆلارییان پێشنیار کردبوو بۆ قاچاخچییەکە تاوەکو ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بکوژێت.
کاتێک هەواڵگری بەڕیتانیا بەو پلانگێڕییەی زانی، ئێران ئینتەرناشناڵی ئاگادار کردەوە، ئەوەش کەناڵەکەی ناچار کرد لەندەن جێبهێڵێت و بگوازێتەوە بۆ ئەمەریکا و لەوێوە بەردەوام بێت لە پەخشەکانی.
سابەت وتی نیگەرانی ئەوەیە کە بریکارە ئێرانییەکان توانیویانە لەسەر خاکی بەڕیتانیا کاربکەن.
سابەت وتی " وەکو هاووڵاتییەکی بەڕیتانی کە باج دەدەم و لێرە دەژیم و لێرە کاردەکەم، توشی سەرسوڕمان بووم لەوەی کە لایەنێکی وەکو سوپای پاسدارانی ئێران بتوانێت ئازادانە کاربکات و هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییەکی بەڕیتانی بکات لەسەر ئەنجامدانی ' تاوانی ڕۆژنامەگەری '."
ئەمە یەکەمین جار نیە ئێران تۆمەتبار بکرێت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی ڕەخنەگرێک لە دەرەوەی ئێران.
پێشکەشکاری بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا مەسی عەلینەژاد بووە ئامانجی هەوڵێکی ڕفاندن لە ساڵی 2021 دا لە نیویۆرک، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا دەڵێت ئەو هەوڵە بەشێک بووە لە پلانگێڕییەکی تاران بۆ ئەوەی عەلینەژاد بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران. ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دادی ئەمەریکا سێ کەسی لە دۆسییەیەکی جیاوازدا تۆمەتبار کرد، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی عەلینەژاد.
لە مانگی دوانزەدا عەلینەژاد بە دەنگی ئەمەریکای وت " سەرکوتکاری نێودەوڵەتی نەک تەنها هەڕەشەیە لەسەرمان، بەڵکو هەڕەشەشە لەسەر دیموکراسی."
ئەو مەترسییەی کە ڕەخنەگرە ئێرانییەکان لە دەرەوەی ئێران ڕووبەڕووی دەبنەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو سەرکوتکارییە بێ ئەندازەیەی کە لەسەر ڕاگەیاندنە سەربەخۆکانی ئێران هەیە لە ناوخۆی ئێراندا.
لەم مانگەدا کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وتی ئێران شەشەمین خراپترین زیندانە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا، 17 ڕۆژنامەنووس لەو وڵاتەدا زیندانی کراون.
بەڵام بۆ سابەت، هەڕەشەکە سووربوونی لەسەر کارەکەی کەم نەکردووەتەوە.
سابەت وتی " دەبێت دژی تاران بوەستین و باس لەوە بکەین کە ڕوودەدات."
وتی " من ڕۆژنامەنووسێکی پیشەگەرم و ئەرکەکەم بڵاوکردنەوەی زانیارییە. من بەرپرسیارم بەرامبەر خەڵکەکەم، بەرپرسیارم بەرامبەر ڕاستی، تەنانەت ئەگەر ژیانی خۆشمی لەسەر بێت. ئەمەیە کە من دەمەوێت بیکەم، پابەندی بەرپرسیارێتییەکانیشمم."