Accessibility links

جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووە


جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاند پاش ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشی جۆرە نوێـیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ دەرکەوت، تاقیکردنەوەی تەندروستی بۆ کراوە و ئەنجامەکان نیشانیان داوە تووشی نەخۆشیـیەکە بووە.

ئیرەج حەریرچی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڤیدیۆیەکیدا بۆ سۆشیال میدیا ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و دەرکەوتووە تووشبووە و ئەمڕۆ جارێکی دیکە تاقیکردنەوەی دووەمی بۆ کراوە و یەکلابووەتەوە تووشی نەخۆشیـیەکە بووە.

گوتیشی لە ئێستادا دەرمان وەردەگرێت و باری تەندروستی باشە، بەڵام جەستەی قورس بووە.

پـێشتر عەلی ڕەزا وەهاب زادە ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران گوتی ئیرەج حەریرچی کە لە ڕیزەکانی پـێشەوەی ئەو کەسانە بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تاقیکردنەوەی پـزیشکی بۆ کراوە و دەرکەوتووە تووشبووە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە ئیرەج حەریرچی و عەلی ڕەبیعی گوتەبێژی حکومەتی ئێران کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان هەبوو و لە میانەی کۆنگرەکە ئیرەج حەریرچی زوو زوو دەکۆکی و عارەقی دەموچاوی دەسڕی لە کاتێکدا ڕۆژنامەوانەکان تەنیا چەند مەترێک لێوەی دوربوون.

ڕۆژنامەوان عەباس ئەسڵانی لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆکەی ئیرەج حەریری و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG