Accessibility links

جەلیلی کاندیدی سەرۆکایەتی و وەفاداری ڕێبەری باڵای ئێران، کێیە ؟


سەعید جەلیلی وەک کەسێکی توندڕەو کە لە ئێران بە حزبوڵڵایییە توندڕەوەکان ناودێر دەکرێن، لە تەمەنی 59 ساڵیدا بۆ جاری سێیەم بوو بە کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ئێستاش وەک کەسی دووهەمی هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ مەسعود پزشکیان چوونەتە خولی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە.

جەلیلی لە کاتی خوێندنی ئامادەییدا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئێران و عێراق چووەتە بەرەکانی شەڕ و لە تەمەنی 21 سالیدا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بریندار بووە و قاچی ڕاستی لەدەستداوە.

ناوبراو لە ئێستادا خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان و نامەی دکتۆراکەشی لەسەر "دیپلۆماسیەتی پێغەمبەری ئیسلام" نووسیوە و کتێبێکیشی بە هەمان ناونیشان چاپ کردووە. جەلیلی دووجار خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کاندید کردووە و لە هەردوو جارەکەدا شکستی هێناوە.

جەلیلی لەسەردەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نژادا کە فەرمانبەریکی وەزارەتی دەرەوە بوو، پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی. لەو کاتەدا بەرپرسیارێتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەستۆی وەزارەتی دەرەوە نەبوو، بەڵکو لە ئەستۆی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوو. لە ئەنجامدا جەلیلی بەبێ ئەوەی پێشینەیەکی دیپلۆماسی بەرچاوی هەبێت، لەناکاو بەرپرسیارێتی دۆسیەیەکی لەو شێوەیەی لە ئەستۆ گرت.

ئەو سیاسەتمەدارە توندڕەوە لە ساڵی 2007 تا 2013 بەرپرسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بووە. لەو ساڵانەدا چەندین دانوستان لە جنێڤ، ڕۆما، ڤیەننا، بەغدا، ئەستەنبوڵ، ئەلماتی، مۆسکۆ و ناوچەکانی دیکەی جیهان لە نێوان شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتی سەعید جەلیلی و دانوستانکارانی ڕۆژاوا بەڕێوەچووە، بەڵام لە کۆتاییدا هیچیان سەرکەوتوو نەبوون.

ناوبراو لە ساڵی 2013 و دوای شەش ساڵ لە سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بڕیاریدا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید بکات.جەلیلی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا سەرکەوتوو نەبوو و بە نزیکەی چوار ملیۆن دەنگ لە پلەی سێیەمدا بوو.

جەلیلی دوای سەرنەکەوتنی لەو هەڵبژاردنەدا بوو بە یەکێک لە ڕەخنەگرانی جیددی حکومەتی حەسەن ڕووحانی و دانوستانە ئەتۆمییەکان و دواتر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و زۆر جار لە وتارەکانیدا ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە کارێکی هەڵە وەسف کردووە و بە پەیماننامەیەک بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا ناوی بردووە.

لە ئێستادا سەعید جەلیلی بەربژێرێکی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران و دڵسۆزو وەفادارێکی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیە و وەک خۆی دەڵێت پلانی هەیە ئەگەر سەرکەوێت، کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وڵاتەکەی لە ڕێی پەیڕەویکردنی نموونە توندڕەوەکانی شۆڕشی ئیسلامی 1979 ەوە چارەسەر بکات.

ڕۆژی هەینی بەربژێری باڵی میانەرەو مەسعود پزشکیان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا بە جیاوازییەکی کەم بەسەر جەلیلیدا سەرکەوت، بەڵام ئێستا دوو بەربژێرەکە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا لە 5 ی مانگی حەوتدا جارێکی دیکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، چونکە پزشکیان زۆرینەی لە سەدا 50 زاید یەکی دەنگەکەی بە دەست نەهێنا کە پێویستە بۆ سەرکەوتن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز/رادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG