Accessibility links

هاوکاتی قوڵبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستددا داوا لە ئێرانییەکان دەکرێت بەشداری دەنگدان بکەن


لە شاری قومی ئێران هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لەسەر شەقامەکان بیری دەنگدەرانیان خستەوە ڕۆژی هەینی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە، لە کاتێکدا کە جەنگەکەی ناو غەززە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دەنگدەرانی ئێرانی پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرن بۆ چوار ساڵی دیکە، هەروەها ئەندامی نوێ بۆ ئەنجومەنی شارەزایان هەڵدەبژێرن کە بەرپرسن لە هەڵبژاردنی ڕابەری باڵای ئێران.

دەنگدانە لە نێوەندی ئەو قەیرانە ئابوورییەدا دەبێت کە ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە، هەروەها یەکەمین دەنگدان دەبێت لە دوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا کە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری بە دوای خۆیدا هێنا.

لە دەوروبەری شاری قوم وێنەی گەورەی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی پیشاندراون لە کاتێکدا کە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە و دەنگ دەدات، هەروەها پەیامێکیشی لەسەر نوسراوە و داوا لە خەڵکەکە دەکات دەنگ بدەن بۆ ئەوەی " ئێران بەهێزتر ببێت."

خوێندکاری شەریعەی ئیسلامی، محەمەد جەعفەری دەڵێت ئەو پەیامە جێبەجێ دەکات و ئومێدی بەوەیە کە هەڵبژاردنەکان ئێران بەهێزتر دەکەن لە کاتێکدا کە ئیسڕائیلی دوژمنی سەرسەختی وڵاتەکە شەڕێکی ڕووخێنەر دەکات دژی حەماس لە کەرتی غەززە.

جەعفەری تەمەن 27 ساڵ لە قوم وتی " هەڵبژاردنەکان پێگەی ئێران لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا پتەوتر دەکات."

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1160 کەس لە هێرشەکانی حەماسدا کوژراون. لە وەڵامیشدا ئیسڕائیل دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە لانیکەم 29,782 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ئیسڕائیل و ئێران دوژمنی سەرسەختی یەکترن و لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی 1979 ەوە تاران پشتیوانیکردنی لە پرسی فەلەستینییەکان کردووە بە کاری سەرەکی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەیدا.

ئێران پشتیوانی لە حەماس کردووە لە جەنگەکەدا، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە هیچ بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی هەبووبێت لە هێرشەکانی حەماسدا.

جەعفەریی دەڵێت " گرنگە دوژمنەکانمان ببینن کە حکومەتەکەمان پشتیوانی خەڵکەکەی هەیە." ئەوەش لە پێناو دوورخستنەوەی مەترسی سەربازیی لەسەریی.

بەڵام ئێران چەندین جار وتوویەتی " فراوانبوونی " ململانێکەی ناوێت. ڕاهبەری تەمەن 40 ساڵ لە قوم دەڵێت هەڵبژاردنەکان دەرفەتێکن بۆ جەختکردنەوە لە " سەربەخۆیی " ئێران و " لە ناوبردنی سەرجەم پلانگێڕییەکانی دوژمن."

وتی گرنگە دەنگ بدەیت، ئەوەش بەهۆی " ئەو ڕووداوانەوە کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و ئەو هەڕەشانەش کە دوژمنەکانمان دەیکەن."

پەرلەمانی ئێستای ئێران کە لە ساڵی 2020 دا هەڵبژێردرا، پارێزگاران تێیدا باڵادەستن، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین چاکسازیخواز و مامناوەند دوورخرانەوە.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 کەمترین دەنگدەر بەشدارییان تێدا کرد لە ساڵی 1979 ەوە تاوەکو ئەو کاتە.

جەعفەری پێی وایە ئەگەر ئەمجارەش دەنگدەرێکی کەم دەنگ بدات ئەوا دەریدەخات کە ئێران " لەسەر لێواری پشێوی و دووبەرەکییە،" لەوە دەترسێت ئەمە ببێتە هۆی ڕوودانی " هێرشێکی سەربازیی " بۆ سەر ئێران.

بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاشەوە ئابووری ئێران لە دۆخێکی خراپدایە، هەڵاوسانی ئابووریش لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە ئێران گەیشتووەتە لە سەدا 50.

ئەنجومەنی شارەزایان کە لە 88 ئەندام پێکهاتووە، ئەرکەکەی دەستنیشانکردن و سەرپەرشتیکردن و ئەگەر پێویست بکات دوورخستنەوەی ڕابەری باڵایە، دوایین بڕیار لەسەر هەموو بابەتێکی دەوڵەتی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ڕابەری باڵای ئێران.

خامنەئی تەمەن 84 ساڵ، لە ساڵی 1989 ەوە ڕابەری باڵای ئێرانە.

سەرۆکی پێشووی مامناوەندی ئێران حەسەن ڕۆحانی داوای لە خەڵکەکە کردووە دەنگ بدەن و " ناڕەزایی دەرببڕن دژی فەرمانڕەوایانی وڵاتەکە کە کەمینەن."

ڕۆحانی لەمدواییانەدا ڕایگەیاند قەدەغەکراوە لەسەری دووبارە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ ئەنجومەنی شارەزایان کە 24 ساڵ ئەندام بووە تێیدا.

هاوکات هاوپەیمانییەک بە ناوی بەرەی چاکسازییەوە دەڵێت بەشداریی ناکات لە " هەڵبژاردنە بێ مانا و بێ کێبڕکێ و ناکاریگەرەکەدا."

ماجید حوسێنی جوتیار کە سەردانی مەزارگەی ماسومە دەکات لە قوم، وتی هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵ بە تایبەتی گرنگن.

وتی " ئەگەر بەشداریی نەکەین، هەموو ئەم 40 ساڵ لە کارکردنە قورسە لە دەست دەچێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979.

هاوکات مەهدی موساڤی باوەڕی وایە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان زۆر گرنگە.

موساڤی تەمەن 39 ساڵ لە قوم وتی " ئەنجومەنەکە گرەنتیدەری پاراستنی ئیسلامە." وتی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکە " شارەزان لە پرسە ئایینییەکاندا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG