Accessibility links

دوودڵی هاووڵاتیانی ئێرانی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا


لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا کە لە 28 ی مانگی شەشدا دەستیپێکرد، زیاتر لە سەدا 60 ی دەنگدەران دەنگییان نەدا، ئەمەش سەرەڕای گرنگیی هەڵبژاردنەکەی ئەمجارە لەبەرئەوەی سەرۆکێک دەستنیشان دەکات کە ڕەنگە دواتر ڕۆڵی هەبێت لە هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک بۆ ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی.

لە کاتێکدا کە هیچ کام لە بەربژێرەکان لە خولی یەکەمدا نەیانتوانی دەنگی تەواو بە دەستبهێنن تاوەکو دەستبەجێ وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێن، خولی دووەمی دەنگدانەکە لە 5 ی مانگی حەوتدا بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێکەش لە نێوان چاکسازیخواز مەسعود پزیشکیان و پارێزگاری ڕاستی توندڕەو سەعید جەلیلیدایە.

کەمیی بەرچاویی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانەکەدا دوای ئەوە دێت کە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و ناوخۆش داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانییان کردووە، دەڵێن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هیچ گۆڕانکارییەک دروست نەبووە.

ئێرانییەکان نائومێد بوون بە کێشە ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکە. ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵکەکە گوێ نەدەن بە دەنگدان.

زیاتر لە 50 چالاکەوانی سیاسیی لە ئێران و وڵاتانی دیکەش داوایان لە خەڵکەکە کردووە بەردەوام بن لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لە خولی دووەمدا.

چالاکەوانان بە نێرگز محەمەدی زیندانیکراوی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵیشەوە دەڵێن " هەر بەشدارییەکی سیاسیی یاخود دەنگدانێک بۆ بەربژێرە بێدەسەڵات و بە دەست هەڵبژێردراوەکان گاڵتەیەکی تاریک و تاڵە."

باسییان لەوە کرد ئەگەر بەردەوام بن لە دەرخستنی " سیناریۆ ساختەکانی " کۆماری ئیسلامی ئەوا خەڵکەکە دەتوانێت خۆی بخاتە پێگەیەکی بەهێزەوە و ئاسانکاری بکات بۆ " ڕووخانی ڕژێمەکە."

شیکەرەوان دەڵێن دوای هەڵبژاردنەکانی 28 ی مانگی شەش، ترسی ئەوەی کە جارێکی دیکەش سەرۆکێکی ڕاستڕەوی توند دەسەڵات بگرێتەوە دەست خەڵکەکەی ناچار کردووە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە پزیشکیان بدەن، بە تایبەتی ئەوانەی کە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەیان بایکۆت کردبوو.

لە ئێستادا پزیشکیان و لایەنگرەکانی سەنگییان خستووەتە سەر ئەوە و داوا لەوانە دەکەن کە خولی یەکەمییان بایکۆت کردووە ئەمجار دەنگ بدەن و دەنگ بدەن بە پزیشکیان.

پزیشکیان لە 30 ی مانگی شەشدا لە ئێکس نوسیویەتی " داهاتووی ئێران لە مەترسیدایە " و تەنها ڕێژەیەکی زۆری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێت وڵاتەکە ڕزگار بکات.

ڕازیکردنی خەڵکەکە بە دەنگدان بە پزیشکیان ئاسان نابێت. چاودێران گومانییان هەیە لە ڕاستیی پزیشکیان وەکو چاکسازیخوازێکی ڕاستەقینە، ئاماژەیان بەوە داوە کە پزیشکیان بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیوانی لە سیاسەتەکانی خامنەئی کردووە و ڕەنگە وادیار بێت کە هیچ زیانێکی نیە بۆ ئامانجەکانی دامەزراوە ڕۆحانییەکەی ئێران.

هەندێک وتوویانە پزیشکیان دەبێت سەرەتا سەکۆیەکی ڕوون بخاتە ڕوو لەسەر چاکسازییەکان، پێش ئەوەی پێشبینی ئەوە بکات دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن دەنگی پێبدەن.

ئەوانی دیکەش ئاماژەیان بە مەترسیی سەرۆکایەتی جەلیلی داوە، هۆشدارییان داوە و دەڵێن دەکرێت جەلیلی توندی سەپاندنی یاسای باڵاپۆشی دوو هێندە بکات، هەروەها پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بەرەو ئەوەی جیهان بە تەواوەتی پەراوێزی بخات، وەکو کۆریای باکوور.

سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG