ڕۆژنامەی شەرق بڵاویکردەوە ئێران ڕۆژنامەنووسێکی پاش ئەوە دەستگیرکردووە کە سەردانی نەخۆشخانەیەکی کردووە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کچێکی نەوجەوان کە لەناو میترۆیەک لە تاران لە هۆش خۆی چووە.
ڕۆژنامەکە لە ماڵپەڕەکەی خۆی بڵاویکردەوە " مریەم لوتفی، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی شەرق، دەستگیرکراوە."
ڕۆژنامەکە وتی لوتفی چووە بۆ نەخۆشخانەی فەجر لە تاران بە مەبەستی " ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی کچێک کە لە میترۆیەکدا لە هۆش خۆی چووە."
هۆکاری ئەو ڕووداوە ڕوون نییە و بەرپرسێکی باڵاش ئەو " دەنگۆیانەی " ڕەت کردەوە کە گوایە ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە لە نێوان کچەکە و کرێکارانی میترۆکەدا.
ڕۆژنامەکە کە بنکەکەی لە تارانە ئاماژەی بەوە نەدا چی دەزگایەک لوتفی دەستگیرکردووە، یاخود بە چی تۆمەتێک دەستگیرکردووە.
بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ساڵی ڕابردووی ئێرانەوە، بەرپرسانی ئێران زیاتر لە 90 ڕۆژنامەنووسییان دەستگیر کردووە.
سەبارەت بە ڕووداوەکە، دەزگای هەواڵی ئیرنا وتی " کچە خوێندکارێکی تەمەن 16 ساڵ بەهۆی دابەزینی پەستانی خوێنەوە لە هۆش خۆی چووە " لە کاتێکدا کە هەوڵیداوە بچێتە شەمەندەفەرەکەوە.
بەڕێوبەری سیستمی میترۆی تاران مەسعود دۆستی ڕەتی کردەوە " ڕووبەڕووبوونەوەی زارەکی یاخود جەستەیی " هەبووبێت لە نێوان خوێندکارەکە و " سەرنشینەکان یاخود کرێکارەکاندا."
وتیشی " کچەکە لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت و هیوادارین بە زووترین کات بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی."
سەرچاوە/ فرانس پرێس