پارت و رێکخراوە کوردیـیەکان لە کوردستانی ئێران یان رۆژهەڵاتی کوردستان لە درێژایی چوار دەیەدا نایانتوانیوە ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن یان چارەسەریان بکەن.
ئاخۆ چین ئەو ئاستەنگانەی کە لە بەردەم ئەم لایەنانەدان بۆ ئەوەی لە ژێر چەترێکدا کۆببنەوە؟
لایەنە کوردیـیەکان تا چەند تەندرووستانە لە نێوان خۆیاندا و لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی ئێرانیدا هەڵسوکەوتیان کردووە؟
فەرەتر لە ٤٠ ساڵە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، نە رووخا و نە تا ئەو ئەندازەیەش لاواز بووەتەوە. ئاخۆ لایەنی کوردی ئەڵترناتیڤێکی تری لە پێشدایە بۆ سەوداکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران؟
ئازاد محەمەدزادە وتەبێژی شورای هاوئاهەنگی بزوتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " بە گشتی لە ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا واتە لە مێژوودا تا ئەمڕۆ کار لەسەر پرسە گرنگەکان یا پرسە چارەنووس سازەکان یان بەرژەوەندی باڵای کورد بە شێوەی گروپی نەکراوە، جا کاتێک ستراتیژیەتێکی روونی نەتەوەیی نەبوو وە هەموویان پابەندی ئەم خاڵە ستراتیژیانە نەبوون، بێگومان لێرەدا هەر لایەن تێدەکۆشیت خۆێ بەسەر لایەنەکانی تردا بسەپێنێت ".
کاک ئازاد هەر وەها دەڵێت " ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لە درێژایی مێژوودا چەندین ناکۆکی لێکەوتووەتەوە، یەکێک لەو ناکۆکیانە گەیشتووەتە ئاستی شەڕی برا کوژی، لایەنەکان کەم تا زۆر دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە وە کار لەسەر بەرنامەیەکی ستراتیژی نەتەوەیی بکەن ".
کاک ئازاد دەشڵێت " لایەنە کوردیەکان دەبێ بگەن بە خاڵێکی هاوبەش و بتوانن پێکەوە کار لەسەر گوتارێکی هاوبەش و هاودەنگ بکەن، وە ئەم گوتارەش پێویستی بە بەشداری هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە ئوپۆزسیون و بەرامبەر بە حاکمیەت بە یەک ئادرەس دابەزن ".