زۆرێک لە لێکۆڵەرانی سیاسی پێیان وایە کە حکومەتی ئێران ئەم ماوەیە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها گەماڕۆ ئابورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە، تووشی قەیرانێکی سیاسی قووڵ بووەتەوە
بە پێی هەواڵەکانیش حکومەت لە ترسی ئەوەی خەڵک و چالاکوانان جارێکی دیکە بڕژێنە سەر شەقامەکان، هەستاوە بە ترساندنی خەڵک بۆ بەرگرتن بە هەر چەشنە چالاکییەک و بەم مەبەستەش دەستی داوەتە توندوتیژیەکی زیاتر بەرامبەر بە چالاکوانان و زیندانیانی سیاسی.
هەر لەم مانگەی حەوتدا چەندین چالاکەوان و خەڵکی ئاسایی لە سێدارە دراون و هەندێکیشیان مەترسی لە سێدارەدانیان لە سەرە.
هەروەها بە پێی هەواڵەکان ڕەوشی زیندانەکان لە ئێران زۆر خراپە و زیندانییە سیاسییەکان ڕووبەڕووی مەترسی گەورەی تووش بوونن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەمڕۆ ڕێکخراوەی لێبۆردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە بە پێی چەند بەڵگەیەک کە بەم ڕێکخراوە گەیشتوە، ئەوە پیشان دەدرێت کە "ڕەوشێکی بێبەزەیانە و نامرۆڤانە" لە زیندانەکانی ئێراندا زاڵە.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها دەشڵێت کە کاربەدەستانی ئێران بە ئەنقەست و بە مەبەستی ترساندنی زیندانیانی سیاسی، هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی ناخاتە بەردەستی زیندانیان بۆ ئەوەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبن.
زانیارییە نوێیەکان سەبارەت بە چالاکوانانی کورد چین؟
هۆکاری زیاد بوونی لە سیدارەدانی چالاکوانان و توندوتیژییەکانی حکوومەت لەم ڕۆژانەدا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
ئایا توندوتیژییەکانی حکومەت بە نیسبەتی چالاکوانانی کوردەوە جیاوازە لە چالاکوانانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران؟
مەسعود کوردپوور، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی دەزگای موکریان، لە کوردستانی ئێرانەوە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە بۆ دەنگی ئەمریکای بەشی کوردی لە تووێژێکدا کە لەگەڵ بەفراو نووری ئەنجامی داوە.