Accessibility links

حیزبی دێموکراتی کوردستان: هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە بەرامبەر جوڵانەوەی کورد لە ئێران


لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ناوچە سنووریـیەکانی هەرێمی کوردستان دژ بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی ئێران، عومەر باڵەکی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) لە ناوەندی هاوکاری پارتە سیاسیـیەکانی کوردستانی ئێران- کۆیە، ڕایگەیاند کە پارتە دەستەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک لە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن بەرامبەر بە "جوڵانەوەی" کورد لە ئێران.

باڵەکی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە نە چاوەڕوانیمان هەیە، نە دروستیشە و نەدەشکرێت کە هەرێمی کوردستان دەستبداتە تفەنگ و ڕەشاش بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پاسداری نیزامی کۆماری ئیسلامی ڕابوەستێت."

بە گوێرەی بەرپرسەکەی حدک، هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود وەربگرێت لە ئامرازە دیپلۆماسی و سیاسی و پەیوەندیـیە نێودەوڵەتیەکانی بۆ ئەوەی "ڕێگاچارەیەکی وەها ببینێتەوە کە بە قازانج و بەرژەوەندی جوڵانەوەی کورد بشکێتەوە، بەبێ ئەوەی خۆی زیانێکی وای توشبێت بەدەستی دەوڵەتانی دراوسێ."

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتە چەکدارەکانی کورد لە ئێران دەکەن کە دورکەونەوە لە چالاکی سەربازی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە کاردانەوەی توند لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

نازم دەباغ
نازم دەباغ

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران،بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسیدایە بۆ چارەسەرکردنی گرژیـیەکان و دووپاتی کردەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

نازم دەباغ ڕایگەیاند، "دەبێت هێزە سیاسیەکانی ئێرانی کوردی لە هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنانە بن کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیانە بەوەی کە ڕێگا نەدەن هێزەکانیان، یان کەسانی لابەلا، پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێرانی بدەن."

جوڵانەوە کوردیـیەکان لە ماوەی ڕابردوودا جگە لە سوود بینین لە چیاکان، بەردەوام پەیوەندییان هەبووە و سنووری نێوان ئێران و عێراقیان بڕیوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتە ناوەندیـیەکانی عێراق و ئێران.

ڕێککەوتننامەی سیاسی

لە پاش دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەزاران ئەندامان و خێزانی حیزبە چەکدارەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون، بە تایبەت لە شاری کۆیە. چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم و هێزە کوردیـیەکانی ئێران ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە نیشتەجێکردنەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە بووە لە نێوان کاربەدەستانی هەرێم و هێزەکانی کوردستانی ئێران.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ دەستکەوتنی کۆپیەک لە ڕێککەوتننامەکە سەرکەوتوو نەبوون.

بە گوێرەی نازم دەباغ، مێژووی ڕێککەوتنەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەیاندا حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی ئێران دەتوانن چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەنجام بدەن لە هەرێمی کوردستان.

نازم دەباغ گوتی، "من لە کاتی خۆی لە یەکیان ئاگاداربووم کە ئەو کاتە لە سەفرەوزەرون بووین، کاتێک کە لە ساڵی 1986 ڕێککەوتنمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد، من خۆم یەکێک بووم لەوانەی چووم سەردانی بارەگاکانی موجاهیدینی خەلقم کرد و ئاگادارم کردنەوە کە نابێت لەسەر ئەم ڕێگایە بن و ناشبێت ئەو چالاکیانەیان هەبێت دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی. واتا هەر لەو کاتە، لە ساڵی 1986، هێزە کوردیکان، بە تایبەت یەکێتی، لەگەڵ هێزە سیاسیەکان ڕێککەوت بەوەی کە نە ئێران پەلاماری ئەوان بدات و نە ئەوانیش پەلاماری ئێران بدەن. دوای هەڵبژاردن و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای ڕاپەڕین، دیارە ئەم ڕێککەوتنە گوازراوەتەوە بۆ ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لەسەر ئەو بنەمایانەی لەسەری ڕۆیشتوین تا ئێستا."

لە لایەکی دیکەوە، عومەر باڵەکی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەو زانیاری نییە لەسەر بوونی هیچ نووسراوێکی فەرمی لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام ئەگەری بوونی ڕێککەوتنێکی وەها ڕەتناکاتەوە.

عومەر باڵەکی ڕایگەیاند، "بەپێی ویستێکی سیاسی حیزبە دەستەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان ئێمە بنکە و بارەگاکانمان لە قەندیل گواستۆتەوە و هاتووین بۆ ناوچەی کۆیە و بەشێکی ترمان لە ناوچەی سلێمانی جێگیربووین. واتا، ڕاستیەکەی، لەسەر داوای ئەوان بووە ئێمە ئەو ناوچە سنووریانەمان چوڵکردووە و هاتووینە خوارێ. وە ئێستاش گەر بڕیار بێت ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەی جوگرافی ئێمە بێتەگۆڕێ، دەبێت بە دانیشتن و دیالۆگ بێت لەگەڵ ئەو لایەنانە."

فراوانبوونی هێرشەکان

لێدوانەکان سەبارەت بە مانەوەی ئەو هێزە کوردیـیانە لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدان کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێزەکانی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر چەندین ناوچەی سنووری هەرێمی کوردستان بە بیانوی ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو هێزانە. بەرپرسە سەربازیـیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ڕایدەگەیەنن کە هێزەکانی ئێران بەلایەنی کەمەوە 15 جار هێرشیان کردۆتە سەر بارەگاکانی ئەو حیزبە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانکردنەوە.

كاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حدکا پێشتر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو کە هێرشەکان زیانێكی زۆری مادییان بە خەڵكی ئەو ناوچانە گەیاندووە بەڵام هیچ زیانێكی گیانیان لێنەكەوتووەتەوە.

كاوە بەهرامی بە دەنگی ئەمەریكای گوت، "بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر فڕۆكەكانی ئێران ئەو شوێنانەیان بۆردومانكردووە كە دەكەونە نێوان حاجی ئۆمەران و پیرانشار و شنۆ و كێلەشین. ئێمە لە نێو هیچ گوندێكدا بنكە و بارەگامان نییە؛ پێشمەرگە بنكە و بارەگای دیاریكراوی نییە."

بەرپرسانی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوو چەندین جار هۆشداریـیان داوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بەوەی کە هێرشەکان بەردەوام و فراوانتر دەبن لە ئەگەری بەردەوامبوونی چالاکی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.

محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەرەتای ئەم هەفتەیە جارێکی تر هەڕەشەی کرد کە ئۆپەراسیۆنەکان پەرەپێدەدەن و دژبەرە کوردەکانیان لەناودەبەن.

باقری هێزە کوردیـیەکانی ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیانەوێت چالاکیەکانیان فراوان بکەن "بە دنەدانی ئەمەریکا، زایۆنییەکان و هەندێک لە وڵاتانی دواکەوتووی عەرەبی." ئەو ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت ڕێگەبگرن لەوەی کە ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان " بنکەی ڕاهێنانیان هەبێت، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و کەمپی حەسانەوەیان هەبێت، کۆنگرە بکەن، کەلوپەلی سەربازییان هەبێت، و هێرش بکەنە سەر سنوورەکانی ئێمە."

نازم دەباغ، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە پێویستە حکومەتی هەرێم هەڕەشەکانی ئێران "بە جدی" وەربگرێت.

لە وەڵامی ئەوەی کە ئاخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە خواستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ بکات بە دەرکردنی هێزە کوردیـیەکانی ئێران، نازم دەباغ گوتی، "من نازانم کە ئایا ئێمە ئامادەین یان ئامادە نین. ئێمە هیچ پەیامێکمان لەم بارەیەوە وەرنەگرتووە. تەنیا نوێنەرم و پەیام دەگەیەنم و وەڵامی پەیام وەردەگرمەوە."

پێکدادانی چەکداری لە بانە

سەبارەت بە جوڵانەوەکان دژی هێزەکانی ئێران، نازم دەباغ ئاماژەی بە پێکدادانێکی چەکداری کرد لە سەرەتای ئەم مانگە لە نزیک شاری بانە و ڕایگەیاند کە "یەک دوو چالاکی کرا و خەڵکیشی تێدا کوژرا. وە ئەوە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئەو وەڵامدانەوە هەبێت بۆ ئەم هێرشانە."

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵیەکانی ئێران، 1 ی ئەم مانگە لە سنووری گڵەسوور لە نزیک شاری بانە شەڕ و پێکدادانێک ڕووی دا لە نێوان هێزی پاراستنی سنووری کۆماری ئیسلامی و " گروپێکی چەکداری نەناسراو" و لە ئەنجامیدا ئەفسەرێکی ئێران کوژراوە.

بەڵام بەرپرسەکانی هێزە کوردیـیەکانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە کە خاکی هەرێمی کوردستانیان بەکارهێنابێت بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی.

عومەر باڵەکی کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە دەیەوێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر هێزە دەستەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کاتێکدا کە ئەوان سەرقاڵن بە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.ئەو کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبارکرد بە "دروستکردنی قەیران لە دەرەوە بۆ ئەوەی قەیرانە نێوخۆییەکانی پێداپۆشێت."

باڵەکی ڕایگەیاند کە هێزەکانی حدک دوورن لە سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران و هیچ چالاکیەکی سەربازیان نییە لەو ناوچانە. ئەو داوای لە هێزەکانی پاسدارانی ئێران کرد "با یەک دەلیل، یەک بەڵگە، بێنێتەوە کە بڵێت هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مۆڵگە یا ڕەبایە چالاکی سەربازیـیان ئەنجامداوە... بەڵام شتی وا نییە."

هەڵوێستی حکومەتی عێڕاق

هەندێک لە شارەزایان دەڵێن حکومەتی عێڕاق لەو ململانێیە بە گشتی بێدەنگی هەڵبژاردووە کە ڕەنگە ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی ئێران لە داهاتوودا فشارەکانی زیاتر بکات بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کورستان.

ئاڵێکس ڤەتانکا، پسپۆر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسی پرۆگرامی ئێران لە ئینستیتیوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە بێدەنگی بەرپرسە باڵاکانی عێراق "جێگەی سەرنجە."

ئاڵێکس ڕایگەیاند، "ئەمە ئاماژەیە بەوەی کە ڕەنگە بەغدا بە ئێرانی ڕاگەیاندبێت، 'ئێمە دەزانین ئێوە کێشەیەکتان هەیە و بەو شێوەیەی لاتان گونجاوە ڕەفتاری لەگەڵ بکەن."

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "سەرسامین" بە لێدوانەکانی محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەبارەت بە هەبوونی هێزی دوژمنکاری دژ بە ئێران لە ناو خاکی عێراق. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "عێراق بە توندی بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هێرشی دوژمنکارانە بۆ سەر دراوسێکانی ڕەتدەکاتەوە، و دەستدەگرێت بە دراوسێیەتی باش و پەیوەندی برایانە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، و جەخت دەکاتەوە لە پێویستی پابەندبوونی هەمووان بە زمانی برایەتی و هاوکاری لە پەیوەندیە هاوبەشەکاندا."

بە گوێرەی ئاڵێکس ڤەتانکا لەوە ناچێت ئەم هێرشانەی دوایی هێزەکانی ڕژێمی ئێران بتوانن هیچ ئامانجێکی سەرەکی بۆ ئێران دەستەبەر بکەن و باشترین هەنگاو بریتییە لە دۆزینەوەی "چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ کێشەی کورد."

ئاڵێکس ڕایگەیاند، "چارەسەرە بنەڕەتیەکە، کە بەرپرسانی ئێران دانی پێدانانێن، بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگە کەمینەکانی ئێران، بە کوردیشەوە کە چەندین ملیۆنن، خاوەن داواکاری ڕەوان. ئەوەندەی من بزانم، تاران ئەوەی پێویستە نایکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواکاریـیانە. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کینە و بەشێکی بچوکی لە هێزی چەکداری دا بەرجەستە دەبێت."

هەرچەندە ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نییە سەبارەت بە ڕێژەی کورد لە ئێران، بەڵام مەزەندەدەکرێت لە نێوان 8 هەتا 10 ملیۆن کورد لە وڵاتەدا هەبن. ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپـۆرتەکانیان ئاماژەدەکەن بەوەی لە ئێراندا ژمارەیەکی زۆری کورد لەسێدارەدراون، ئەمە جگە لەوەی هێز بەکاردەهێنرێت بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و کۆبونەوەی جەماوەری.

XS
SM
MD
LG