Accessibility links

ئێران پابەندبوونەکانی بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کەم دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

ئێران ڕایگەیاند پابەندبوونەکانی بەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەری سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی کەم دەکاتەوە، هەروەها کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ڕاگەیاند کە ناگەنە حاڵەتێک ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات، بەڵام هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتری کرد ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە تاران لە سزاکانی ئەمەریکا نەپارێزن.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، ئەمەریکا ڕایگەیاند هێشتا سزای دیکە ماوە بسەپێنرێت بەسەر ئێراندا و بەنیازە بەمزووانە سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کشانەوەی ئەمەریکادا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، سەرۆکی ئێران کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕاگەیاند کە شارەزایان دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانە سنووردارن بەهۆی ئەوەوە کە تاران دەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لە پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکە، چونکە لە ڕێکەوتنەکەدا بەندێک هەیە دەڵێت ئەگەر ئێران ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات ئەوا سزا دەسەپێنرێت بەسەریدا.

دیبلۆماتکارێکی ئەوروپی بە ڕۆیتەرزی وت " لە ئێستادا هیچ شتێک نەگۆڕاوە بەڵام ئەوە وەکو بۆمبێکی تەوقیت وایە لە هەر کاتێکدا بێت دەتەقێتەوە."

ئەو ڕێوشوێنە نوێیە سەرەکییەی کە ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەڕووی کردارییەوە کاریگەرییەکی سنوورداری دەبێت لەسەر پڕۆسەکە، کە ئەویش ڕاگرتنی فرۆشتنی یۆرانیۆمی پیتاو و ئاوی قورسە بە وڵاتانی دیکە.

ڕۆحانی هەڕەشەی ئەوەشی کرد لە ماوەی 60 ڕۆژدا ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە ڕێگەیەک نەدۆزنەوە بۆ پاراستنی هەردوو کەرتی نەوت و بانکی ئێران لە سزاکانی ئەمەریکا ئەوا پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی زیاتر بەرز دەکاتەوە.

ڕۆحانی وتی " ئەگەر پێنج وڵاتەکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و گەیشتین بە ڕێکەوتنێک و ئەگەر توانیان بەرژەوەندییەکانمان لە هەردوو کەرتی نەوت و بانکدا بپارێزن ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی دەستپێکردن و پابەند دەبین بە بەرپرسیارێتییەکانمانەوە."

وتیشی " پێویستە گەلی ئێران و جیهان بزانن کە ئەمڕۆ کۆتایی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نیە، ئەم ڕیوشوێنانە لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدا یەک دەگرێتەوە."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی " جەخت لە هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە و دەمانەوێت پابەند بین بە ڕێکەوتنەکەوە و بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدەین ئێران چەکی ناوەکیی دەست بکەوێت." هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە گرنگە بۆ ئاسایشی ئەوروپا.

ئێران و ڕوسیا لۆمەی ئەمەریکایان کرد لەسەر ئەوەی ئێران ناچار بووە هەندێک لە بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێکەوتنەکە کەم بکاتەوە.

ڕوسیا واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی ئیستیفزازی ئێرانی کردووە و تارانی ناچار کردووە ئەم هەنگاوە بنێت. وتەبێژی کرێملن دیمیتری بێسکۆڤ وتی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن پێشتر ئاگاداری داوە لەدەرەنجامە خراپەکانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە.

وتیشی " ئێستا ئەو دەرەنجامانە دەبینین."

لەلایەکی دیکەوە چین وتی پێویستە وتوێژەکان بەردەوام بن و داوای لە هەموو لایەنەکان گرت خۆیان بەدووربگرن لە زیادکردنی گرژییەکان.

شارەزایانی بواری سنووردانان بۆ چەکی ناوەکیی وتیان ئەو هەنگاوانەی ئێران ڕایگەیاند زۆر بە ووردی گیراونەتەبەر تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە بەندێکی ڕێکەوتنەکە کە ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر ڕێکەوتنەکە لەلایەن ئێرانەوە پێشێل بکرێت ئەوا سزا دەسەپێتەوە بەسەریدا.

مارک فیتسباتریک لە سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی وتی ئێران هێشتا نزیک نەبۆتەوە لە تێپەڕاندنی ڕێژەی ئەو یۆرانیۆمەدا کە ڕێگەی پێدراوە بیپیتێنێت.

مارک وتی " بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 20 بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG