Accessibility links

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی دەڵێت بواری خۆدزینەوە و ئەملاولاکردن بۆ ئێران کەمبووەتەوە


سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی
سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی

سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا و وتی بواری خۆدزینەوە و ئەملاولاکردن ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی " کەم بووەتەوە "، ئەمەش پێش سەردانەکەی بۆ تاران.

ڕافایل گرۆسی لە چاوپێککەوتنێکدا لە کۆنفرانسی کەش و هەوا لە باکۆ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێران دەبێت لەوە تێبگات کە دۆخی نێودەوڵەتی زۆر گرژ بووە و بواری خۆدزینەوە و ئەملاولاکردن خەریکە وردە وردە کەم دەبێتەوە، هەروەها دەبێت ڕێگە بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرە سیاسییەکان."

وتیشی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێدراوە پشکنین لە ئێران ئەنجام بدات، بەڵام "ئێمە پێویستمان بەوەیە زیاتر ببینین. بە لەبەر چاوگرتنی قەبارە و چڕی بەرنامەکەی ئێران و خواستەکان لەسەری چین، ئێمە پێویستمان بە دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیانەیە کە بەرچاوڕوونییەکی زیاتر بە ئاژانسەکە دەدات."

سەردانەکەی بۆ تاران لە کاتێکدایە دانۆڵد ترامپ بؤ سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەڵبژێردرایەوە. ترامپ لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

گرۆسی وتی " پێشتر لەگەڵ یەکەم بەڕێوبەرایەتی ترامپدا کارم کردووە و باشیش پێکەوە کارمان کردووە."

مەبەست لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەر لابردنی سزاکانی سەر تاراندا. دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە، ئێران دەستیکرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە و پشتگوێ خستنی بەرپرسیارێتییەکانی.

ڕێککەوتنەکە لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا و چین و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئێراندا واژۆ کرا، سەرجەم هەوڵەکانیش بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە شکستییان هێناوە.

لەو کاتەشەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران فراوانتر بووە، سەرەڕای ئەوەی تاران ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆمی بدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG