Accessibility links

ئێران هەڕەشە دەکات بە بڕیاری هاوشێوە وەڵامی دەنگدانەکەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر سوپای پاسداران بداتەوە


ئێران هۆشداری دەدات بە یەکێتیی ئەورووپا ڕێوشوێنی "هاوشێوە" دەگرێتەبەر، دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی دا بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی گروپە تێرۆرستییەکانەوە.

حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان لە تویتێکدا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند " پەرلەمان کاردەکات بۆ ئەوەی لایەنەکانی وڵاتانی ئەوروپا و سوپاکەیان بخاتە لیستی تێرۆرەوە."

ڕۆژی چوارشەممە ئەندامانی یەکێتی ئەورپا دەنگیان دا بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنرێت، وتیان پاسدارانی ئێران ئەو هێزەن کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران و دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا.

دەنگدانەکە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام لە کاتێکدایە کە وەزیرانی یەكێتی ئەوروپا بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو تاوتوێی سزاکان بۆ سەر ئێران بکەن.

ئەمیر عەبدوڵاهیان و بەرپرسی سوپای پاسداران ژەنەڕاڵ حوسەین سەلامی ڕۆژی یەکشەممە بەشدارییان لە دانیشتنێکی داخراوی پەرلەمانا کرد بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکەی پەرلەمانی ئەورپا.

دیپلۆماتکاری باڵای ئێران گوتیشی "پەرلەمانی ئەوروپا تەقەی لە پێی خۆی کرد، وەڵامەکە هاوشێوە دەبێت."

پاشان کاتێک پرسیار لە ئەمیر عەبدوڵاهیان کرا لەسەر ئەوەی ئایا ئێران بیر لە کشانەوە لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) یان دەرکردنی پشکنەرانی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە، لە وەڵامدا گوتی هەموو بژاردەکان لەسەر مێزدان.

ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئێران، ئرنا لە زاری ئەمیر عەبدوڵاهیانەوە ڕایگەیاند ئەگەر دیپلۆماتانی ئەوروپا " کە هیچ ئەزمونێکی دیپلۆماسییان نییە، هەڵوێستی خۆیان ڕاست نەکەنەوە، شیانی هەموو شتێک هەیە."

ئێران لە ساڵی 1970ەوە پەیمانی NPT واژۆ کردووە، هەمان ئەو ساڵەی کە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، و هەمیشە ڕەتیدەکاتەوە کە هیچ نیازێکی هەبێت بۆ بەدەستهێنان یان دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

بەرنامە ئەتۆمییەکەی سەرچاوەی گرژییەکان بوو لەگەڵ زلهێزەکانی جیهانی تاوەکو ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کە لە بەرامبەر سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، سزاکانی سەر ئەو وڵاتە سوککران.

بەڵام ئەم ڕێککەوتنە لە ساڵی 2018ەوە بە تێکچوو لەو کاتەوەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە کشایەوە و سزا توندەکانی سەپاندەوە بەسەر ئێران و تارانیش دەستیکرد بە سەرپێچیکردن لە بەندەکانی ڕێککەوتنەکە.

ئێران و زلهێزەکانی جیهان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە بە بەردەوامی خەریکی دانوستان بوون، بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە گفتوگۆکان لە بە تەواوەتی چەقیان بەست.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا دەنگەکانی پەرلەمانی ئەوروپا پشتڕاست بکاتەوە و پەسەندی بکات، دەسەڵاتی یاسادانان "دەستبەجێ بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی توند دەدات".

قالیباف کە بۆخۆی سەرکردەیەکی پێشووی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانە، گوتیشی پەرلەمان " سوپای وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە ڕێکخراوی تێرۆرستی دەناسێنێت."

سوپای پاسداران سەرپەرشتی هێزی خۆبەخشی بەسیج دەکات، کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵەوە دەستیپێکردووە، دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرە ملێ.

دەسەڵاتداران لە ئێران دەڵێن سەدان کەس لە ناویاندا ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی ئاسایشیش کوژراون و هەزاران کەس دەستگیرکراون.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشتر هەردوو سوپای پاسداران و هێزی قودسی سەر بە سوپاکەی خستووەتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستییە بیانییەکانەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG