دەزگای ڕاگەیاندنی دەوڵەت بڵاویکردەوە ڕۆژی یەکشەممە پەرلەمانی ئێران دەنگیدا بۆ دوورخستنەوەی وەزیری ئابووری ئێران عەبدولناسر هیمەتی لە پۆستەکەی، ئەوەش لەسەر خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و دابەزانی بەهای دراوی وڵاتەکە.
پەرلەمان لە دەنگدانێکی متمانە لێسەندنەوەدا هیمەتی لە کارەکەی دوورخستەوە، ئەمەش نزیکەی هەشت مانگ دوای ئەوەی سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان کابینەکەی دەستنیشان کرد.
لە ماوەی هەشت مانگدا، دراوی ئێرانی نزیکەی نیوەی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی لە دەستدا، ئەمەش بەپێی ماڵپەڕە نافەڕمییەکانی وەکو alanchand.com.
تمەنی ئێرانی ئێستا لە 927,000 بەرامبەر یەک دۆلاری ئەمەریکایی مامەڵەی پێوەدەکرێت، لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا 595,500 تمەن بەرامبەر دۆلارێکی ئەمەریکایی بوو.
دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی ئەو پەرلەمانتارانەی دژایەتی هیمەتییان دەکرد دەڵێن هیمەتی شکستی هێناوە لە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکاندا لە شتومەکە سەرەتاییەکانی وەکو دەرمان و خۆراک و خانووبەرەدا و لە هەمان کاتدا نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بکات.
لایەنگرانی هیمەتی دەڵێن ئێستا کاتی ئەوە نەبووە وەزیری ئابووری لاببرێت چونکە ئێران هێشتا لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادایە و دوورخستنەوەی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر.
ئابووری گەورەترین پرسە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، کە لەوە دەترسن ئەو خەڵکەی کە داهاتی کەمییان هەیە توڕە ببن لە زیادبوونی هەژاری و خۆپیشاندان دژی دەسەڵات بکەنەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیش سیاسەتی " ئەوپەڕی فشاری " دژی ئێران زیندوو کردووەتەوە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانە بۆ سفر.
لە دەنگدانەکەی پەرلەماندا 182 بەرامبەر 82 ئەندام لە بەرژەوەندی دوورخستنەوەی هیمەتی دەنگییان داوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز