Accessibility links

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران: هێرشێکی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر ماڵپەڕەکانی پەرلەمانی ئێران


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە ڕۆژی سێشەممە ماڵپەڕەکانی پەرلەمانی ئێران و دەزگا هەواڵییەکانی سەر بە پەرلەمان لە کارکەوتن، دوای ئەوەی لەلایەن هاککەرەکانەوە کراونەتە ئامانج.

دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران وتی " ماڵپەڕەکانی پەرلەمان و دەزگای ڕاگەیاندنی خانی میلەت هاککراون و لەم بەیانییەوە و بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەردەست نەماون."

ئیرنا لە زاری بەیاننامەیەکی پەرلەمانەوە بڵاویکردەوە " قەبارەی کێشەکە لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت."

گروپی هاککردنی " Uprising till Overthrow " بەرپرسیاری هێرشەکەی ڕاگەیاند، گروپەکە سەر بە گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵاتە کە بە ڕێکخراوی گەلانی موجاهیدینی ئێران ناسراوە و تاران بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی دەبات.

گروپەکە لە کەناڵی خۆی لە تێلیگرام وتی 600 سێرڤەری سەر بە پەرلەمانی ئێرانی هاک کردووە، هەروەها سەدان پەڕەی لە بابەتە هاککراوەکانی لە تێلیگرامەکەی خۆی بڵاوکردەوە.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکە کەمتر لە سێ هەفتە پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران دێت کە بڕیارە لە 1 ی مانگی سێدا بەڕێوەبچێت.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ماڵپەڕەکانی سەر بە حکومەتی ئێران و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە تاران چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی ئەلیکترۆنی بوونەتەوە.

لە مانگی دوانزەدا بەهۆی هێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە فرۆشتنی سوتەمەنی لە لە سەدا 60 ی بەنزینخانەکانی ئێراندا تێکچوون و چەند هەفتەیەکی ویست تاوەکو خزمەتگوزارییەکان بە تەواوەتی چاککرانەوە.

لە مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا هاککەرەکان هێرشی ئەلیکترۆنییان کردە سەر دەزگای هەواڵی فارس، کە یەکێک بوو لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی ئەو هەواڵانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بڵاودەکرانەوە لە ماوەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا کە بەهۆی گیان لە دەستدانی ژینا ئەمینییەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا سەریانهەڵدا.

چەند مانگێک دواتر، لە مانگی دووی ساڵی 2023 دا هاککەرەکان کە پشتیوانییان لە خۆپیشاندانەکان دەکرد، پەخشێکی ڕاستەوخۆی کەناڵی ئێرانییان هاککرد کە سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی تێیدا یادی شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 ی دەکردەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG